سێ یاریزانی نوێ پەیوەندیان بە یانەی هەولێر كرد
بە ئامادەبوونی سەرۆكی یانەی هەولێر د. عەبدوڵڵا و مەحمود عەزیز جێگری سەرۆكی یانە و پشتیوان شەبیب ئەندامی دەستەی كارگێری یانەكە، بەفەرمی یانەی هەولێر گرێبەستی لەگەڵ هەر سێ یاریزان ( رێكار هاشم) لە یانەی هەندرێن و كامەران عەلی و دیار یاخی لە یانەی زاخۆ مۆركرد.
رێكار هاشم لە دایكبووی ساڵی 1993ی شاری هەولێر و لە تازەپێگەیشتووان تا تیپی یەكەم تەنیا لە یانەی هەندرێن یاریكردووە و لە هێڵی ناوەڕاست یاری دەكات، ئەم یاریزانە سەرنجی هەموو لایەكی بۆ خۆی راكێشا بەهۆی ئاست بەرزی و هەروەها چەندین یانە بە پێشكەشكردنێ گرێبەستی گرانبەها هەوڵی مۆركردنی گرێبەستیان لەگەڵ دەدا، بەڵام نابراو گشت گرێبەستەكانی رەتكردووە تەنیا یانەی هەولێر-ی هەڵبژارد و رێكار لەگەڵ هەڵبژاردەی لاوانی كوردستان بەشداری لە پاڵەوانێتی نۆروەی كۆپ-ی كردووە لە ساڵی 2013.
دیار یاخی لە دایكبووی ساڵی 1991ی شاری چەمچەماڵ-ە و پێشتر لە ریزی یانەكانی (خاك، پێشمەرگەی سلێمانی، سلێمانی، زاخۆ) یاریكردووە و لە هێڵی بەرگری یاری دەكات و هەروەها لەگەڵ یانەی زێرەڤانی بەشداری لە پاڵەوانێتی مەرسلیا كرد و توانی نازناوەكە بە دەستبهێنێت و لەگەڵ هەڵبژاردەی كوردستان بەشداری لە پاڵەوانێتی ڤیڤا كرد لە وڵاتی سوید.
كامەران عەلی ناسراو بە (كامۆ) لە دایكبووی ساڵی 1987ی شاری سلێمانیە و لە هێڵی ناوەڕاست یاری دەكات و پێشتر لە ریزی یانەكانی بەختیاری و سیروانی نوێ و سلێمانی و زاخۆ یاریكردووە .
جێگەی باسە گرێبەستی هەر سێ یاریزان لە بارەگای یەكێتی تۆپی پێی لقی هەولێر پەسند كرا و بەفەرمی بوونە یاریزانی یانەكە.
رێبین رەمزی
