لەگەڵ ئەوەی وەرزی ڕابردوو خولی نایابی یانەكانی عێراقی بە دوورترین خول هەژماركرا لەسەر ئاستی جیهان كە تا كۆتایی خولەكە چەندین جار بە بیانووی جۆراوجۆر خولەكە دوادەخرا، بەڵام ئەمساڵ یەكێتیی ناوەندیی تۆپی پێی عێراقی نیازی ئەوەی هەیە كە خولەكە بە شێوازی دیكە بەڕێوە ببات و سەرجەم یارییەكانیش لە كات و ساتی دیاریكراو بێت. یەكێتیی ناوبراو لە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بڕیاری ئەوەی داوە كە ئەمساڵ 20 یانە لە خولی نایابی یانەكانی عێراقی بەشدار بێت و هەر20 یانەكەش بەسەر دوو كۆمەڵە دابەش بكرێت و بە قۆناغ ئەنجام بدرێت، لە هەر كۆمەڵەیەكیشدا تەنیا 3 یانە سەردەكەون بۆ قۆناغی داهاتوو، شەش یانەش لە هەردوو كۆمەڵەكە دەبنە تیپی سەركەوتوو بۆ قۆناغی بژاردە، هەر شەش یانەش یارییەكانیان بە شێوازی خول بە دوو قۆناغ ئەنجام دەدەن و هەر یانەیەك زۆرترین خاڵی كۆكردەوە، دەبێتە پاڵەوانی خولی نایابی یانەكانی عێراق، لە كۆبوونەوەكەشدا یەكێتیی تۆپی پێی عێراقی رۆژی 15ی مانگی نۆی بە وادەی دەستپێكردنی یەكەم هەفتەی یارییەكانی دیاری كردووە، كۆتایی هاتنی خولەكەش لە 30ی مانگی 5ی ساڵی 2016 دەبێت، بەڵام لە ئێستاشدا ژمارەیەك لە یانەكانی عێراقی بەم بڕیارەی یەكێتیی ناوبراو ڕازی نین و هەڕەشەی پاشەكشەكردن دەكەن لە خولەكە، بۆیە یانەكانی شورتە و جەوییە و زەورا و تەلەبە ونەفتی جنوب وكارەبا و چەندین یانەی دی هەڵوێستی خۆیان دەربڕیوە لەسەر دژایەتیكردنی ئەم شێوازەی خولەكە، تاكو ئێستاش بە فەرمی یانەكانی كوردستان بەشدار لە خولی عێراق هیچ قسەیەكیان نەكردووە لەسەر ئەم شێوازەی بەڕێوەچوونی خولی عێراقی.