دوای ئەوەی ئەم وەرزە یانەی دهۆك بۆ یەكەم جار سیستەمی پشت بەستن بە یاریزانانی كوردی شارەكەی جێبەجێ كرد، كە ئەمە چەندین ساڵە كاری لەم جۆرە لە یانەكانی كوردستان نەكراوە، بوڵام دەستەی كارگێڕیی یانەی دهۆك لەسەر ڕاسپاردەی پارێزگای دهۆك ئەم كارەی جێبەجێ كردو توانی سەركەوتووش بێت لە ئەزموونی پشت بەستن یاریزانانی خۆماڵی شارەكەیان. حازم ساڵح-ی ڕاهێنەری یانەكەش رۆڵێكی كارای هەبوو لە سەرپەرشتیكردنی ئەم ئەزموونە و سەرخستنی یاریزانانی شاری دهۆك بۆ ریزی یەكەم و بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە لە هەردوو خولی عێراق و كوردستان، لە ئێستاشدا حازم ساڵح سەڕەرای هاتنی گرێبەست بۆی، بەڵام ئەو لەبەر خۆشەویستیی بۆ دهۆك سەرجەم گرێبەستەكانی ڕەتكردۆتەوە. لەبارەی مانەوەشی لە پۆستی ڕاهێنەرایەتیی یانەی دهۆك حازم ساڵح بۆ گۆڤاری گوڵان وتی: لەم ماوەیەدا هەموو شتێك دەردەكەوێت لەگەڵ یانەی دهۆك، تاكو ئێستا یانەی دهۆك كۆنەبۆتەوە لەسەر چارەنووسی من و هیچ بڕیارێكیان نەداوە، خۆشتان دەزانن كێشەی دارایی هەیە، بۆیە ڕاوەستاوە، لە بارەی هاتنی گرێبەست لە یانەكانی تریش حازم وتی: «لە عێراق و لە كوردستانیش بۆم هاتووە، بەڵام من ڕەتم كردۆتەوە، لەبەر ئەوەی دهۆك لای من یەكەمە. لە بارەی بەردەوامی پشتیگری یاریزانانی كوردو سەرخستنیان بۆ تیپی یەكەم بۆ ئەوەی پێویستیان بە یاریزانانی بیانی نەبێت، حازم وتی: «من شانازی دەكەم كە یەكەم ڕاهێنەری دهۆكم هەلی ئەوەم داوە پشتیگریی یاریزانانی دهۆك بكەم بۆ سەرخستنیان، راهێنەرەكانی پێشووتر دەترسان لەم كارە تەنیا پشتیان بە 3 یاریزانی شارەكە دەبەست، ئێستا زۆربەی یاریزانەكانی دهۆك خەڵكی شارەكەن، من ئەو كارەم ئەنجامدا كە ئەوان لێی دەترسان، ئەو كارەم كرد كە ترس و دڵەڕاوكێ لەلایان نەمێنێ و لە یارییەكەوە بۆ یارییەكی تر زیاتر متمانەیان بەخۆیان هەبێت و لە بڕی یاریزانانی شارەكانی تر، زیاتر پشت بەخۆیان ببەستن، منیش وام كردووە كە متمانەی من لەسەر كوڕانی دهۆك بەردەوام بێت، من دەزانم یانەی دهۆك چ یاریزانێكی پیشەگەری پێویستە.