سەردار مەجید بڕیاری نەداوە
دوای ئەوەی یانەی دەربەندیخان لە وەرزی ڕابردوو خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان بەسەرپەرشتی ڕاھێنەری بەتوانای دەڤەری گەرمیان سەردار مەجید توانی لە خولەکە خۆی بھێلێتەوە سەڕەرای ڕکابەری کردنی لەسەر بەدەستھێنانی ئەنجامی شایستە لە خولەکە، بۆیە دەستەی کارگێڕی یانەی وەرزشی دەربەندیخان لە ئێستاوە بەرنامەی ئەوەی داناوە تیپەکە رێکبخاتەوەو گرێبەستی سەردار مەجیدی ڕاھێنەری یانەکە درێژبکاتەوە بۆ سەرپەرشتی کردنی مەشقی یانەی دەربەندیخان لە خولی پلە یەکەکانی کوردستان، بەڵام تاکو ئێستا سەردار مەجید چارەنووسی خۆی وەکو ڕاھێنەر دیاری نەکردوە لەگەڵ ھیچ یانەیەک بۆ ئەوەی وەرزی داھاتوو سەرپەرشتی مەشقی یانەکانیان بکات، لەم بارەشەوە سەردار مەجید گوتی: من لە ئێستادا لەگەل ھیچ یانەیەک قسەم نەکردوە بۆ ئەوەی وەرزی نوێ خولەکە کارییان لەگەڵ بکەم، وەرزی ڕابردووش توانیم ئەو بەلێنەی کە بە یانەکەم دابوو بە مانەوەی یانەکە لە خولی پلە یەکی کوردستان توانیم کاری خۆم بکەم، دەستەی کارگێڕی یانەی وەرزشی دەربەندیخانیش ئەوان بەفەرمی داوایان ئەوەیان لێم کردوە کە بۆ وەرزی داھاتوو لە خولی پلە یەکەکانی یانەکانی کوردستان بۆ جارێکی تریش مەشقی یانەکەیان وەربگرم، بەڵام من وەکو ڕاھێنەر تاکو ئێستا بەفەرمی قسەم لە بارەی ئەگەری مانەوە و رۆیشتن لە یانەی دەربەندیخان نەداوە بۆ وەرزی داھاتوو، لە ئێستادا من بریاری کۆتایم نەداوە چونکە بیر دەکەمەوە بزانم ماوەیەکی تر چی دەبێت ئەوکات بڕیاری کۆتایی لەسەر چارەنووسی وەرزشی خۆم دەدەم، بەھیوای ئەوەشم بتوانم خزمەتی زیاتر بە وەرزشی کوردستان بکەم وەکو ڕاھێنەر.
