نەجمەدین عەبدوڵڵا :توانیم لەسەر ئاستی جیهان لە یەكێتیی IFBB پلەی پێنجەم بەدەستبهێنم
دیمانە: كارزان كانەبی
* ئاستی یاریی لەشجوانی بە شێوەیەكی گشتی لە كوردستان چۆن دەبینی؟
-لە ئێستادا یاریی لەشجوانی لە ئاستێكی زۆر بەرزدایە، گەنجان و ئافرەتانی ئەم وڵاتە گرنگییەكی زۆری پێدەدەن، ئەم گرنگی پێدانەش مانای پێشكەوتنی یارییەكەیە لە شارەكانی كوردستان، كە لە ئێستادا لە هۆڵەكانی لەشجوانی هەوادارێكی زۆری لە دەوری خۆی كۆكردۆتەوە.
*ئەی لە شاری سلێمانی چۆنە و گەنجان تا چەند پێشوازی لێدەكەن؟
-لە شاری سلێمانیش گەنجان بە شێوەیەكی زۆر باش ئەم یارییە ئەنجام دەدەن، بە شێوەیەكی تەندروست هەوڵدەدەن ئاستی خۆیان پێشبخەن، جگە لەمەش پاڵەوانی زۆر باشمان هەیە كە لەسەر ئاستی كوردستان ئەنجامی بەرچاویان بووە.
* وەكو پاڵەوانێك پێت باشە بۆ بەرەوپێشچوونی ئەم یارییە چی بكرێت؟
-هەموو كاتێك باس لەوە كراوە كە ئەم وەرزشە پێشبخرێت، بەڵام بەداخەوە هیچی بۆ نەكراوە، دەبێت دەستی ئەو پاڵەوانانە بگرن، بە پارە پشتگیری بكرێن و یارمەتی بدرێن و هاوكاری بكرێن بۆ بەشداریكردن لە پاڵەوانێتییەكان كە ئەوانە زۆر بە كەمی دەبینم.
* كردنەوەی پاڵەوانێتیی ساڵانە بۆ یەك جار ئایا دەبێتە هۆكار بۆ پێشوەچوونی ئەم یارییە؟
-پێویستە ساڵانە تا سێ پاڵەوانێتی ئەنجام بدرێت، چونكە یاریزانان بە بەشداریكردنی لە یەك پاڵەوانێتی زیاتر پێش ناكەون.
* گرفتی یاریی لەشجوانی زیاتر لە چیدا رەنگ دەداتەوە؟
- نەبوونی خولی ڕاهێنەرایەتی بۆ ڕاهێنەران بە مامۆستایانی دەرەوەی وڵات، ئەوە گرفتە بۆ ئەوەی ئەم وەرزشە نەتوانێ زیاتر پێشبكەوێت، چونكە كردنەوەی خول بە هەردوو شێوازی تیۆری و پراكتیكی دەبێتە هۆكار بۆ پێشكەوتنی ئاستی وەرزشی ئەم یارییە كە لە ئێستادا زۆر پێویستە بۆ ڕاهێنەرانی ئەم یارییە بۆ ئەوەی بە یاسا و بابەتە نوێیەكانی ئەم یارییە ئاشنا بن و گرنگی بەم یاریزانانە بدەن كە لە ژێردەستیان پەروەردە دەبن و ئەوانیش سوود بە كەسانی تر بگەیەنن.
*كردنەوەی ئەم هۆڵانە تا چەند لایەنێكی خزمەتە و ئەوی تری بارزگانییە؟
-هەتا هۆڵی لەشجوانی بكرێتەوە ئەوە سوود و بایەخی خۆی هەیە، ئەوكات چ بارزگانی بێت، یاخود نا، چونكە وەرزشكاران سەردانی دەكەن و سوودیشی دەبێت بۆ ئەوان.
* پێتوایە هۆكاری چییە ئەم یارییە زیاتر لە ناو چینی گەنجان پەرەی سەندووە؟
- بێگومان لە ئێستادا ئەم وەزرشە زیاتر لە ناو گەنجان پەرەی ساندووە، چونكە لە رێگەی تەندروستییەوە زۆر كاریگەرە بۆ رێكیی لەش و لەبەركردنی جل و بەرگیش بە ستایلی پێشكەوتوو لەشێكی رێك و جوانی پێویستە، ئەمەش وا لە گەنجان دەكات كە تامەزرۆی ئەم یارییە بن بۆ جوانی و رێكی خۆیان بە لێشاو ڕوو لە هۆڵەكانی لەشجوانی بكەن.
* بەرنامەت بۆ داهاتوو چییە ؟
-وەكو یاریزانێكی نێودەوڵەتی تەنیا بیر لەوە دەكەمەوە چۆن بەشداری بكەم لە پاڵەوانێتیەكانی داهاتوو و ئەنجامی شایستە بەدەستبهێنم.
* بڕیاری وازهێنانی یەكجاریت نەداوە لەم یارییە؟
-نەخێر، تا بتوانم بەردەوام دەبم لە خزمەتكردن بە وڵاتەكەم لە رێگەی وەرزشەكەم و هاندەرانم بۆ ئەوەی زیاتر فێربم بۆ زیاتر خزمەتكردنی یاریزانانی خۆم.
* تاچەند بەكارهێنانی دەرمانی وزەبەخش كاریگەریی دەبێت لەسەر یاریزانانی لەشجوانی؟ ئایا ئێوە وەكو یاریزان بەكاری دەهێنن ؟
-دەرمانی وزەبەخش هەموو كات ترسناكە ئەگەر بەكار بهێندرێت، بەڵام ئەگەر كوالێتی بەرز بێت و بە رێنمایی دكتۆر بەكاربهێندرێت باشە، ئێمەش وەكو یاریزان بەكاری دەهێنین بە رێژەیەكی زۆر بە چاودێری تەندروستییەوە، بەڵام یاریزان دەبێت زیاتر پشت بە خواردن ببەستێ و خواردن باشترە لە دەرمانی وزەبەخش بۆ یاریزانان و تەندروستیی خۆیشی.
*ئایا لە هەڵبژاردەی عێراق ماویت؟
-نەخێر، ماوەی زیاتر لە ساڵێكە لە هەڵبژاردەی عێراق دابڕاوم بەهۆی بەشداری نەكردنم لە پاڵەوانێتییەكانی عێراق، جگە لەوەش بۆ یانەكانیش یاری ناكەم.
* باشترین ئەنجامەكانت لە پاڵەوانیەتییەكان تا ئێستا چی بوون؟
-ئەنجامە باشەكانم دیارن لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق و وڵاتانی عەرەبی و ئاسیا و جیهانیش، بەڵام باشترین ئەنجامم لە ساڵی 2008 لە پاڵەوانێتیی لەشجوانیی جیهانی بوو لە وڵاتی بەحرێن كە توانیم لەسەر ئاستی جیهان لە یەكێتیی IFBB پلەی پێنجەم بەدەست بهێنم.
* لە جیهان بە چ یاریزانێكی لەشجوانی زۆر سەرسامی؟
-بە یاریزانی بەنێوبانگی جیهانی شۆن دای سەرسامم و حەز دەكەم بگەم بە ئاستی ئەو یاریزانە جیهانییە.
*ماوەیەكە ونی، هۆكاری ئەم ونییەت لە یارییەكان و پاڵەوانێتییەكانی لەشجوانی چییە؟
- ئەەوەی ڕاستی بێت ونبوونی من دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی نە حكومەت و نە هیچ كەسێك نەیتوانیوە پشتگیریم بكات بۆ ئەوەی بەشداری لە پاڵەوانێتییەكان بكەم، لە رووی ماددییەوە زیاتر پشتگیرم نەكراوە بۆ وەرگرتنی فیزا بۆ بەشداری كردنم لە پاڵەوانێتییەكانی دەرەوەی هەرێم.
* ئەگەر لە كۆتاییدا شتێكت مابێت؟
-داواكارم لە حكومەت چاوێك بخشێنێتەوە بەم یارییە و پشتگیری بكات، سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵانیش بۆ بەسەركردنەوەی یاریزانانی یارییە جۆراوجۆرەكان بەبێ جیاوازی لە شارو شارۆچكەكانی كوردستان.
