قەیرانی ئابووری دەبێتە ئاستەنگ بۆ فوتساڵی ئافرەتانی هەولێر

قەیرانی ئابووری دەبێتە ئاستەنگ  بۆ فوتساڵی ئافرەتانی هەولێر
لە ئێستادا قەیرانێكی قووڵی دارایی سەرجەم جومگەكانی هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە، وەرزشیش لەم قەیرانە داراییەدا پشكی شێری بەركەوتووە بۆیە بەشێك لە یانەكان ئەوانەی تیپی فوتساڵی كچانیان هەیە و خەریكی ئامادەكاری بوون بۆ بەشداریكردن لە هەردوو خولی فوتساڵی كوردستان و عێراق، بەڵام ڕەنگە بە هۆی قەیرانی دارایی لە پاڵەوانێتییەكان بێبەش بن. تیپی فوتساڵی ئافرەتانی هەولێریش كە ماوەیەك بەر لە ئێستا ئامادەكارییان دەكرد بۆ ئەوەی شەڕی بەدەستهێنانی نازناوی خولی نایابی فوتساڵی عێراق بكەن، كە هەڵگری نازناوەكە بوون لە وەرزی ڕابردوو، بەڵام ماوەی چەند رۆژێكە تیپەكە سەرجەم مەشقەكانی ڕاگرتووە بەهۆی نەبوونی توانای دارایی پێویست، لە بارەی ڕاگرتنی مەشقەكانیش مەزن محەمەد ڕاهێنەری تیپی فوتساڵی ئافرەتانی هەولێر بە گۆڤاری گوڵانی ڕاگەیاند: ماوەیەكە بەهۆی نەبوونی توانای دارایی مەشقی رۆژانەی تیپی فوتساڵمان ڕاگرتووە، تاكو دوای جەژن، ئەگەر باری داراییمان باشتر بێت، ئەوا دەست بە مەشقەكان دەكەینەوە و كەمپێكی مەشقی ئەنجام دەدەین، ئەگەر پارەش نەبێت، ئەوە مەشقەكان بە تەواوی ڕادەگیرێن. داواشم لە دەستەی كارگێڕیی یانەی ئافرەتان كردووە، بۆ ئەوەی پێداویستییەكان بۆ یاریزانان دابین بكەن، بۆ ئەوەی بتوانین بەشداری لە خولی عێراق و كوردستان بكەین، چونكە ئێمە هەڵگری نازناوی خولی نایابی عێراقی دەكەین، لە بارەی بەشداری نەكردنی لە پاڵەوانێتییەكانیش مەزن وتی: «یاری نەكردن لەم پاڵەوانێتییە ئەو بڕیارە بۆ یاریزانانەكان دەگەڕێتەوە، ئەگەر یانەكەش نەیتوانی هەر پارە پەیدا بكات، ئەوە ڕەنگە نەتوانین بەشداری كێبڕكێیەكان بكەین، چونكە ئەو پاڵەوانێتییە پێویستی بە پارەیە و هەموو كارەكانیش بە پارە بەڕێوە دەچێت، ماوەیەكیش ئامادەكاریمان كردبوو، یاریزانانیش بە ئۆتۆمبێلی خۆمان هاتوچۆ پێكردووە.
Top