بەمەبەستی زیاتر گرنگیدان بە یاریزانانی لاوی یانەكە و سەرخستنیان بۆ تیپی یەكەمی یانەكە بۆ خولی نایابی یانەكانی كوردستان، دەستەی ڕاهێنەرانی یانەی پێشمەرگەی هەولێر لە پێناوی هانانەبردنی یانەكە بۆ یاریزانانی بیانی و دەرەوە، هەروەها بۆ ئەوەی زیاتر پشت بە یاریزانانی خۆیان ببەستن، لە ئێستادا دەستەی كارگێڕیی یانەی وەرزشی پێشمەرگە زیاتر گرنگی بە یاریزانانی لاو دەدات. هەر لەو بارەیەوە سەمیر بابۆ ڕاهێنەری تیپی تۆپی پێی خولی نایابی یانەی پێشمەرگەی هەولێر بۆ گۆڤاری گوڵان وتی: «ئێمە لە یانەی پێشمەرگەی هەولێر پلانی خۆمان هەیە بۆ گرنگیدان بە یاریزانانی خۆمان لە تیپی لاوان، ئەمساڵیش ئێمە وەكو دەستەی ڕاهێنەران بڕیاری ئەوەمانداوە كەوا ژمارەیەك لە یاریزانانی تیپی لاوان سەربخەین بۆ تیپی یەكەم بۆ ئەوەی لە بڕی یاریزانانی بیانی، زیاتر پشت بە یاریزانی كوردی هەولێر ببەستین، ئەمساڵیش هەوڵدەدەین ئەنجامی شایستە لە یارییەكانی خولی نایابی كوردستان پێشكەش بكەین، لە ئێستاشدا گرفتێكی وامان نییە كە شایەنی باسكردن بێت، دەستەی كارگێڕیی یانەكەش هاوكاریی باشمان دەكەن بۆ سەرخستنی زیاتری تیپەكەمان لە خولی كوردستان.