گۆڵكارەكەی زاخۆ وازناهێنێت
یونس شوكر وەرزی ڕابردوو چەندین گرێبەستی پێشكەش كرابوو، بەڵام ناوبراو ئامادە نەبوو دەستبەرداری یانەی زاخۆ بێت، لە بارەی مانەوەشی لە ریزی یانەی زاخۆ بۆ گۆڤاری گوڵان وتی: «من لە ماوەی یاریكردنم لە ریزی یانەی زاخۆ زۆر ئاسوودە بووم، لە كاتێكدا من لە دوو خولی جیاواز بە درێسی یانەی زاخۆ دەركەوتووم و دەستەی كارگێڕی و هاندەرانی یانەكەش رێزێكی زۆرم دەگرن و هەستدەكەم لە ماڵی خۆم یاری دەكەم، بۆیە ناتوانم دەستبەرداری یانەی وەرزشی زاخۆ ببم، لە ئێستاشدا من گرێبەستم لەگەڵ یانەی زاخۆ ماوە بۆ ئەوەی بەردەوامیش بم پەیوەست دەبم بەم گرێبەستەی لەگەڵ یانەكە كردوومە، هیچ بەرنامەیەكیشم دانەناوە بۆ ئەوەی لە داهاتوو دەستبەرداری یانەی وەرزشی زاخۆ ببم لە خولی نایابی یانەكانی عێراق و كوردستان، هەروەها دەمەوێ لە ماوەی ژیانی وەرزشیم زیاتر خزمەت بە شاری زاخۆ و یانەی زاخۆ بكەم، یانەی زاخۆش خاوەنی كۆمەڵێك یاریزانی بەتوانایە لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق پێگەیەكی جەماوەری گەورەی هەیە، لە داهاتووشدا هەرچی لەتوانام بێت بۆ سەرخستنی یانەكە ئەنجامی دەدەم.»
