هاوار مەلا محەمەد روونكردنەوەی لەسەر قوتابخانەكەی دەدات

هاوار مەلا محەمەد روونكردنەوەی لەسەر قوتابخانەكەی دەدات
دوای ئەوەی لە رۆژانی رابردوو هەواڵێك سەبارەت بە كردنەوەی قوتابخانەیەكی تایبەت بە تۆپی پێی لە شاری بەسرە بەناوی ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق و یانەی هەولێر هاوار مەلا محەمەد، ئەم هەواڵە رەخنەیەكی زۆری ئاراستەی یاریزانی ناوبراو كرد، بۆ ئەم مەبستەش یاریزان هاوار مەلا محەمەد لە لێدوانێكی تایبەتدا بە ماڵپەری گوڵان وەرزش گوتی: لە شاری بەسرە چەند كەسایەتیم پەیوەندیان پێوە كردم و داوای رەزامەندیان لێكردم بۆ ئەوەی قوتابخانەیە لە شاری بەسرە بكرێتەوە بە ناوی هاوار مەلا محەمەد لەسەر ئەركی ئەوان، منیش رەزامەندی خۆم نیشان دا، تەنیا كاری من ئەوە دەبێت پێداویستی جل و بەرگ-یان بۆ بنیرم یاخود لە مانگێك یان چەند مانگێك سەردانیان بكەم.
لە درێژەی قسەكانیدا هاوار مەلا محەمەد گوتی: من حەز دەكەم خزمەتی هەموو كوردستان بكەم، لە رۆژانی رابردوو سەردانی خانەقینم كرد چوومە قوتابخانەیەك و پێداویستی وەرزشیم بۆ بردن و زۆر دڵخۆش بووم و هەروەها لە ئایندیەكی نزیكدا سەردانی هەموو ئەو شوێنانە دەكەم، كە پێویستیان بە یارمەتی من هەیە چ قوتابخانە بێت یاخود تیپی میللیەكان بێت لە هەر چوار شاری كوردستان بە بێ جیاوازی.
لە كۆتایی قسەكانیدا هاوار مەلا محەمەد گوتی: پرۆژیەكی باشم هەیە بۆ خزمەتكردن و پێگەیاندنی یاریزانان لە كوردستان و بە نیازم لە داهاتوودا لە شاری هەولێر گەورەترین قوتابخانەی پیگەیاندنی یاریزانی تۆپی پێی بكەمەوە، ئێستا ئەم پرۆژەیە لەژێر لێكۆلێنەوە دایە بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە دروست بكرێت.
رێبین رەمزی
Top