هاوكار لەتیف: باشترین یاریزانی خولی نایابی كوردستان هیوادارم زیاتر رێز لە یاریزانان بگیرێت و گرنگییان پێبدرێت

هاوكار لەتیف:  باشترین یاریزانی خولی نایابی كوردستان هیوادارم زیاتر رێز لە یاریزانان بگیرێت و گرنگییان پێبدرێت
خولی نایابی یانەكانی كوردستان ئەمساڵ چەندین یاریزانی بەتوانای تێدا دەركەوت كە پاشەڕۆژێكی پڕشنگدار لە چاوەڕوانی ئەوانە، بۆ ئەوەی زیاتر تواناكانیان بخەنەگەڕ، هاوكار لەتیف یەكێكە لەو بەرگریكارانەی كە ئەمساڵ لە ریزی یانەی نەورۆزی خاوەنی پلەی سێیەمی ریزبەندی یانەكانی كوردستان توانی ئاستێكی بەرز پێشكەش بكات، ئەوەش دڵی یانەكەی خۆش كرد كە بووە هۆی دوورخستنەوەی مەترسییەكان لەسەر گۆڵی یانەكەی، هەر بەم هۆیەشەوە هاوكار توانی نازناوی باشترین یاریزانی ئەم وەرزەی خولی نایابی یانەكانی كوردستان بەدەستبهێنێت.، یاریزانی ناوبراو لە دایكبووی ساڵی 1990ی قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانییە، قوتابی زانكۆیە و پێشتریش بۆ ریزی هەر یەك لە یانەكانی سۆلاڤ و كەركووك و چەمچەماڵ یاری كردووە، ئەمساڵیش لە ریزی یانەی نەورۆز درێژەی بە ژیانی وەرزشی داوە، لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی كرد، ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: كارزان كانەبی

* چۆن بوو لە شاری چەمچەماڵەوە پێوەندیت بە یانەی نەورۆزەوە كرد؟
- دوای ئەوەی یانەی نەورۆز لە ریزی یانە پلە یەكەكانی كوردستان یاری دەكرد، توانی خۆی بگەیەنێتە ریزی یانە پلە نایابەكانی كوردستان، ئەوان بە فەرمی داوایان لە من كرد وەكو یاریزانێك گرێبەستیان لەگەڵ واژوو بكەم، منیش بە داواكەی ئەوان ڕازی بووم و بوومە یاریزانی یانەی نەورۆز.
* ئەمساڵ بوویتە باشترین یاریزانی خولی كوردستان، كێ بەهرەی تۆی دۆزییەوە و چ كەسێك زیاتر هاندەرت بووە؟
- هەر یەك لە ڕاهێنەرانی بەتوانای كوردستان رزگار عەلی و ئەرسەلان جەلال كە ئەوان زۆر خۆیان ماندوو كردووە لەگەڵ من، ئەوان هۆكار بوون بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی من وەكو یاریزانێك، خۆیشم بە قەرزاریان دەزانم.
* ئاستی ئەمساڵی خولی پلە نایابی كوردستان چۆن بوو بەگشتی كە تۆ لە زۆربەی یارییەكان بەشداربوویت؟
- ئەمساڵ بە گشتی خولێكی بەهێز بوو، ئاستی تیپەكەمان زۆر بەرز بوو، بەڵگەشم بۆ بەهێزیی خولەكە كێبڕكێی یانەكانی پێشەنگ بوو تا كۆتایی هەفتەی خولەكە، ساڵ بە ساڵیش ئاستی خولی كوردستان زیاتر بەرەو پێش دەچێت.
* هۆكاری چی بوو نەبوونە پاڵەوانی خولەكە؟
- بەهۆی ئەوەی كە ئێمە وەكو یاریزانان ماندوو ببووین، جگە لەوەش زۆری كارتی ڕەنگاوڕەنگی یاریزانان و نەبوونی یاریزانی یەدەگی باش وەكو شوێنگرەوی یاریزانە سەرەكییەكان، ئەمانە هۆكار بوون كە نەمانتوانی ببینە پاڵەوانی خولەكە هەرچەندە كێبڕكێی باشمان لەگەڵ یانەكانی تر كرد.
*بەدەستهێنانی نازناوی باشترین یاریزانی خولی كوردستان بە شایستەی خۆتی دەزانی؟
- من لە یارییەكان ئاستی باشم پێشكەش كردو مافێكی ڕەوای خۆمە كە بوومە باشترین یاریزان، جگە لەوەش ئەگەر ئەم نازناوە بە منیش نەدرایە بۆ یاریزانێكی تری یانەكەمان دەبوو، چونكە یانەی نەورۆز یاریزانی زۆر بەتوانا و ئاست بەرزی تێدایە كە خاوەنی زۆر شت بوون.
* وەكو باشترین یاریزانی كوردستان، پێت باشە بۆ بەرەوپێشبردنی خولی كوردستان دەبێت چی بكرێت؟
- ساڵ بەساڵ خولی كوردستان بەهێزتر دەبێت، منیش وەكو یاریزانێك پێم باشە یەكێتیی ناوەندیی تۆپی پێی كوردستان كە لە ماوەی ڕابردوودا خزمەتی باشی بە وەرزشی كوردستان كردووە، بە هەمان نەفەسەوە بەردەوام بێت بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی تیپەكان و ڕاهێنەران و خولی بەردەوامیش بكرێتەوە بەگشتی، مافی یاریزانانیش لەلایەن هیچ كەسێكەوە نەخورێت.
* گرفتی وەرزشی كوردستان زیاتر لە چیدا دەبینی؟
- پێویستە زیاتر گرنگی بە كردنەوەی یاریگە بدرێت، جگە لەوەش خراپیی ئاستی ئیداریی یانەكان هۆكارە بۆ ریزی یانەكان و پێنەگەیاندنی یاریزانانی لاوان بۆ داهاتوو .
* ئەمساڵ هیچ گرێبەستێكت پێشكەشكراوە ؟
- بەڵێ ئەمساڵ چەندین یانە پێوەندییان پێوە كردووم بۆ ئەوەی لە وەرزی نوێی خولی نایابی یانەكانی كوردستان یارییان بۆ بكەم، بەڵام من جارێك هیچ بڕیارێكم نەداوە بۆ داهاتووی خۆم.
* بۆ وەرزی داهاتوو لەگەڵ یانەی نەورۆز بەردەوام دەبیت؟
- ئەگەر گرێبەستێكی باشم بۆ بێت، ڕەنگە یانەی نەورۆز جێبهێڵم.
* وەكو یاریزانانی تری شارەكانی تری پارێزگای سلێمانی ئەگەر گرێبەستێكت لە دەرەوەی شارەكە بێت، ریزی یانەكە جێ دەهێڵیت؟
- من جارێك سەیری گرێبەستەكان دەكەم و ئەوكات بڕیاری خۆم دەدەم.
* بەرنامەت بۆ داهاتوو چییە ؟
- بەردەوام دەبم لە وەرزشكردن تاكو دەتوانم خزمەتی وەرزشی كوردستان دەكەم، لە داهاتووشدا هەر دەمەوێ لە ناو وەرزش بمێنمەوە و بەردەوام بم لە خزمەتكردن.
*هیواو ئاواتت وەكو كوڕە وەرزشكارێك چییە؟
- هیوادارم كوردستان وەكو وڵاتانی تری جیهان لە بواری وەرزشی پێشبكەوێت، چونكە ئێمەش توانای ئەوەمان هەیە كە ببین بە وەرزشكارێكی بەتوانا و خزمەتی كوردستان بكەین.
* هۆكاری خراپیی ئاستی بەشێك لە تیپەكانی شاری سلێمانی لە خولی كوردستان بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- بۆ پشتگوێخستنی خولی كوردستان، بایەخ نەدان بە یاریزانان و كەمیی داهات و هێنانی یاریزانان ئەوانە هەموو هۆكاربوون بۆ خراپیی ئاستیان.
* بە چ یاریزانێكی بیانی سەرسامی؟
- بە یاریزانی ئیسپانی سیرجۆ رامۆس -ی بەرگریكاری یانەی ریال مەدرید.
* لە كۆتاییدا چیت ماوە باسی بكەیت؟
- هیوادارم زیاتر رێز لە یاریزانان بگیرێت و گرنگیان پێبدرێت و خزمەت بكرێن، ئێمەش زیاتر خۆمان ماندوو بكەین بۆ ئەوەی ئاستی باشتر پێشكەش بكەین.
Top