دوای ئەوەی یانەی زاخۆ بە فەرمی گرێبەستی لەگەڵ راهێنەری بەتوانای وڵاتی رۆمانیا (ئیلیان ستان) مۆركرد بۆ ئەوەی لە وەرزی نوێی خولی نایابی یانەكانی عێراقی ئاستی بەرەوپێش بچێت، دەستەی كارگێڕیی بە فەرمی گرێبەستێكی سێ ساڵی لەگەڵ ڕاهێنەری تازەی یانەكەی مۆر كرد. یانەی زاخۆ هەر چەندە وەرزی ڕابردوو سەڕەرای هێنانی ڕاهێنەری تازە، ژمارەیەكی زۆری یاریزانانی عەرەب و بیانی هێنایە ریزی یانەكەی، بەڵام دواجار نەیتوانی ئاستی تیپەكە ببەنە قۆناغێكی تازە، بۆیە كارگێڕانی یانەكە پلانی ئەوەیان داناوە كە بە هێنانی ڕاهێنەرێكی ئاست بەرز بتوانن سەرلەنوێ تیپەكە رێكبخەنەوە، یانەی زاخۆش لە بارەگای تایبەتیی یانەكەی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بە فەرمی هەریەك لە ئیلیان ستانی ڕاهێنەری نوێی یانەكە و عەلی وەهیب بەرێوەبەری تازەی تیپەكە بە فەرمی ناسێنران. خەلیل ئەحمەد سكرتێری یانەی وەرزشی زاخۆ لە بارەی هێنانی ڕاهێنەری بەتوانای رۆمانی بۆ گۆڤاری گوڵان وتی: «ئەمساڵ ئێمە بەرنامەی تایبەتی خۆمان هەیە بۆ ئەوەی تیپەكە سەر لەنوێ دروست بكەینەوە و ئاستی تیپەكەش بەرەوپێش ببەین، ئەم ڕاهێنەرە بەتوانایە لە سەر ئاستی وڵاتی رۆمانیا و وڵاتانی عەرەبی خاوەن نازناو و كەسایەتیی خۆیەتی، بۆیە ئێمە بە فەرمی و بۆ ماوەی سێ ساڵ گرێبەستمان لەگەڵی كردووە بۆ ئەوەی بتوانین ئەمساڵ ئەگەر نەشمانتوانی ئەنجامی شایستە بەدەست بهێنین، بەڵام كۆمەڵێك یاریزانی بەتوانای كورد بۆ یانەكەمان بەرهەم بهێنێت». وتیشی: «ئێمە لە داهاتوو لەگەڵ ڕاهێنەر قسە دەكەین لەسەر چۆنیەتی گرنگیدان بە بەرهەمهێنانی یاریزانانی خۆماڵی و ئەویش سەرەتا بەڵێنی ئەوەی داوە كە هەرچی باش بێت بۆ یانەكە ئەنجامی بدات. هەروەها (عەلی وەهیب)مان هێناوە بۆ بەڕێوەبەری تیپ و ڕاهێنەریش بڕیاری داوە ڕاهێنەرێكی هێزی جەستەیی بهێنێت بۆ تیپەكە».
جێگەی ئاماژەپێكردنە ئیلیان ڕاهێنەری یانەكە لە چەندین یانەی بەناوبانگی وڵاتی رۆمانیا و خولەكانی عەرەبی لە هەردوو وڵاتی ئیمارات و سعودیە كاری كردووە، بڕیاریشە لە ئایندەیەكی نزیكدا دەست بە دیاریكردنی یاریزانان بكات و چەند راهێنەرێك لەگەڵ خۆی بهێنێت، وەكو ڕاهێنەری هێزی جەستەیی و یاریدەدەر و راهێنەری گۆڵچی، خۆیشی ماوەیەكی زۆر وەكو ڕاهێنەر و یاریزان لە ریزی یانەی سیتوا بوخاریست یاری كردووە و كاپتنی هەڵبژاردەی رۆمانیاش بووە.