كەركووك بێ راهێنەرە

كەركووك بێ راهێنەرە
یانەی كەركووك لە وەرزی ڕابردوو بە ناچاری پەنای بۆ ڕاهێنەری شاری هەولێر عەبدولڵا مەحمود برد بۆ ئەوەی یانەكە لە قەیرانی دابەزین بۆ خولی پلە یەكی كوردستان رزگار بكات، لەگەڵ دەست بەكاربوونی عەبدوڵڵا مەحمود توانی ئاستی یانەكە بەرز بكاتەوە و چەندین ئەنجامی دڵخۆشكەر بۆ یانەكە دەستەبەر بكات، سەڕەرای ئەوەش توانی یانەی كەركووك لە خولی پلە نایابی یانەكانی كوردستان بهێڵێتەوە، بەڵام لە ئێستادا ڕاهێنەری ناوبراو لە ریزی یانەكە نەماوە و گرێبەستی لەگەڵ غازی باكوور مۆركردووە. دەستەی كارگێڕیی یانەی كەركووكیش كەسی بۆ بەڕێوەبردنی یانەكە دیاری نەكردووە بۆ ئەوەی سەرپەرشتیی تیپی تۆپی پێی یانەكە بكات بۆ وەرزی داهاتوو، جگە لەوەش قەیرانی دارایی بەرۆكی یانەكە بەرنادات و یاریزانانیش بڕی گرێبەستەكانیان وەرنەگرتووە، بۆیە یانەكە دەستەوەستانە بۆ ئەوەی بیرێك لەم بارودۆخە بكاتەوە، لە بارەی دەستنیشان نەكردنی ڕاهێنەرێكیش بۆ تیپەكە موراد بەزاز لە راگەیاندنی یانەی وەرزشی كەركووك بە گۆڤاری گوڵانی راگەیاند: «لە ئێستادا ئێمە هیچ بەرنامەیەكمان نییە بۆ تیپەكەمان، چونكە هیچ بڕە پارەیەكەمان لە بەر دەست نییە و وەرزشیش بە پارە بەڕێوەدەچێت، بۆیە بە فەرمی كەسمان دیاری نەكردووە بۆ بەرێوەبردنی تیپەكە و بێ ڕاهێنەرین، جگە لەوەش ئێمە تا ئێستا پارەی دوو ساڵی گرێبەستی هیچ یاریزانێكمان نەداوە، ئەوەش گرفتێكی ترە، چونكە یاریزانان مافی خۆیانە داوای بڕی گرێبەستەكانیان بكەن،». وتیشی: «ئەم قەیرانە داراییە بە تەواوی بارودۆخی ئێمەی تێكداوە، كە پارەشمان نەبێت بە چی ڕاهێنەر بهێنین، یانەكەش بە فەرمی قسەی لەگەڵ هیچ كەسێك نەكردووە وەكو ڕاهێنەر بۆ بەڕێوەبردنی تیپەكەمان، بۆیە جارێ چاوەڕوانین بزانین چی دەبێت.
Top