كچانی هەولێر داوای كردنەوەی قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان دەكەن
راپۆرت: كارزان كانەبی
سەناریا عەبدولستار مامۆستای وانەی وەرزشی لە بارەی كۆكردنەوەی یاریزانان و مەشقدانەوەیان بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: وەكو مامۆستایەكی پسپۆری وەرزشی هەوڵم داوە لەرێگەی قوتابخانەوە بەهرەی ئەو قوتابیانە بدۆزمەوە كە ئارەزووی وەرزش كردن دەكەن، بۆیە توانراوە ژمارەیەك لەم یاریزانانە لە رێگەی مەشقی تایبەتەوە ئاستیان بەرز بكەینەوە بۆ ئەوەی بە یانەكانیان بدەین و توانای ئەوان بدۆزینەوە لە وەرزش كردن، چونكە ئەمانە لە قوتابخانەكان هیچ بایەخێكی ئەوتۆیان پێنەدراوە بۆ ئەوەی بتوانن بەهرەكانی خۆیان پێشان بدەن، ئێمە لە رێگەی مەشقەكانەوە ئاستیان بەرز دەكەینەوە ئەوانیش ئارەزووی ئەوە دەكەن كەوا ببنە یاریزانی باش بۆ دواڕۆژی خۆیان منیش لە رێگەی ئەم قوتابخانانەوە هەوڵی ئەوەم داوە هەرچی یاریزانە و خولیای هەیە بۆ یاریزانی هاوكاری دەكەم، لە بارەی هەوڵدان بۆ كردنەوەی قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانانیش دۆزینەوە بەهرەكان سەناریا گوتی: من ئامادەیی ئەوەم تێدایە كەوا زیاتر گرنگی بە توانا و ئاستی ئەوان بدەم و ئەوانیش هاوكارم بن بۆ ئەوەی هەموومان بەیەكەوە بتوانین ئاستی ئەوان زیاتر بەرز كەینەوە دەتوانین لە رێگەی ئەم قوتابخانانەوە ئەو یاریزانانەی بەهرەیان هەیە لە هەر یارییەك زیاتر بایەخیان پێبدرێت و بەهرەكانیان لە ناو نەچن، من ئامادەم بە خۆبەخشیش ئەم كارە بكەم، ئارەزووی ئەوەم هەیە كەوا قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان بەردەوام بكەینەوە خۆشم بتوانم یاریزانان دیاری بكەم، بۆ ئەوەی لە رێگەی ئەو قوتابخانانەیە یاریزانان بدەینە تیپەكان، لەگەڵ ئەوەی كە قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان زۆر كەمە بگرە خێزانەكانیش رێگە بە رۆڵەكانیان نادەن بۆ وەرزش كردن ئەوەش كاریگەری خۆی هەیە لەسەر ئاستی وەرزشی، بەڵام ئەگەر گرنگی دانی وەرزشی لە رێگەی كردنەوەی قوتابخانە بێت ئەوكات ئەوانیش رێگە لە كچەكانیان ناگرن بۆ ئەوەی زیاتر پەرە بە تواناكانیان بدرێت بە دەستە جەمعی، داواكارم لە لایەنی بەرپرس كە یاریگایەكمان بۆ دابین بكەن و كەم و كوڕییەكانمان بۆ جێ بەجێ بكەن بۆ ئەوەی گرنگی بە ئاستی ئەم قوتابیە منداڵانە بدەین بڕە پارەیەكی رەمزی بۆ ئەم یاریزانانە دابین بكرێت.
كارێز فەریقی كچە وەرزشكاری تەمەن 13 ساڵ لە بارەی هاتنی بۆ ئەم قوتابخانە بچكۆلانە بۆ گوڵان گوتی: من لەرێگەی مامۆستای وانەی وەرزشییەوە هاتومەتە ئەم هۆڵە داخراوە رۆژانە مەشقی تێدا ئەنجام دەدەم، سوپاسی ڕاهێنەرەكەشمان دەكەم كە ئەو بە خۆبەخش هاتۆتە ئێرە بەم گەرمایە مەشقەكانی یاری تۆپی پێ بە ئێمە دەڵێتەوە، ئێمەش داواكارین لەلایەنی بەرپرس بۆ ئەوەی زیاتر گرنگی بە توانای ئێمە بدەن و قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانانمان پێویستە، چونكە چەندین یاریزانی تر هەیە كە پەرە بە توانا و ئاستی خۆی بدات، بەڵام كە قوتابخانە نەبێت و هیچ پێویستیەك نەبێت ناتوانێت بێتە ئەم هۆڵە گەرمە مەشقی خۆی ئەنجام بدات، پێویستمان بە كردنەوەی زۆر خول هەیە بۆ ئەوەی ئاستمان بەرز بێتەوە.
سانا ستار كچە یاریزانی تەمەن 12ساڵ ئەمیش یەكێك لەم وەرزشكارانەی كە داواكارییەكانی خۆی بەمشێوەیە بۆ گوڵان خستەرووگوتی: بەشێوەیەكی گشتی ئێمە كە رۆژانە مەشقەكانمان ئەنجام دەدەین، ئامانجمان ئەوەیە كەوا بتوانین لە داهاتوودا لە یانەیەكی ئاست بەرز یاری بكەین، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە هیچ شوێنێكی ئەوتۆمان نییە كە مەشقی بەردەوامی لێ بكەین، ئەگەر مامۆستایەكەمان نەبێت كەس بەهرەی ئێمەی پێ نادۆزرێتەوە، بەڵام ئێمە كە لە ماڵەوە هاوكاری باش دەكرێن دەمانێرنە نێو یاریگاكان بۆ ئەوەی گرنگی بە توانا و ئاستی خۆمان بدەین لە رێگەی مامۆستایەكی خۆبەخش، پێویست لەسەر لایەنی بەرپرس لە شاری هەولێر قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانانمان بۆ بكاتەوە وەكو كچە یاریزانان بۆ ئەوەی لە رێگەی ئەم وەرزشەمان خزمەت بە شاری هەولێر بكەین، لێرەوەش داواكارین هەرچی زووە هەوڵبدرێت قوتابخانەیەكی پێگەیاندنی یاریزانان بۆ یاری فوتساڵ بكرێتەوە و ئێمەش لەم قوتابخانەیە خزمەتی شارەكەمان بكەین.
كانیاو فەریق كچە یاریزانی تەمەن 16ساڵ ئەویش یەكێكی تر بوو لە وەرزشكاران لە بارەی كردنەوەی قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان لە شارەكان بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی» ئێمە لە شاری هەولێر پێویستمان بە كردنەوەی قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان هەیە، بەڵام تاكو ئێستا ئەوە نەبۆتە دیاردە كە ئێمە بتوانین لەرێگەی قوتابخانەی تایبەت بە كچان بەهرەكانی خۆمان پەرە پێبدەین و بگەینە ئاستێكی باشتر یانەكانیش سوود لە ئێمە ببینن، بەڵام ئێمە كە رۆژانە لە رێگەی مامۆستایەكی وانەی وەرزشیەوە بە سوپاسەوە كاتی خۆی تەرخان كردوە كە مەشقی بەردەوامان پێدەدات پەرە بە ئاستی وەرزشكارانی تەمەن بچووك دەدات، ئەوەش بۆ ئێمە خزمەتێكی باشە، بەڵام هیوادارم لایەنی بەرپرس گرنگی زیاتر بە ئاستی كچان بدات و چەند هۆڵێك دابین بكەن بۆ ئەوەی بەهرەی ئەو یاریزانان بدۆزنەوە كە ئاستیان باشە، ئێمە سوپاسی خانەوادەكانیشمان دەكەین كە زۆر هاوكارمانن بۆ ئەوەی بێنە یاریگاكان و مەشقی بەردەوام ئەنجام بدەین.
