لەنجە سەلام كچە ئاڵتونیەكەی كوردستان: لە پاڵەوانێتی ئاسیا چاوەرێم بن، بەشێك لە میدیاكان نازانن من كێم!
لەنجە سەلام لە دایكبووی ساڵی (1994)ی شارۆچكەی دووكانە و لە پۆلی 12یەمی ئامادەیی دەخوێنێت و بەشداری چەندین پاڵەوانێتی كردووە لە ساڵی 2007 بەشداری یەكەم پاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەبی لە میسر كرد و توانی چوار ملوانكە بە تاك و تیپ بە دەستبهێنێت، كە (2) ملوانكە برۆنز بوو و (2) تر زیو بوو و لە ساڵی 2008 دووبارە بەشداری پاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەبی كرد لە سوریا و توانی ملوانكێكی زیو بە دەستبهێنێت و لە ساڵی 2010 بەشداری پاڵەوانێتی عەرەبی كرد و توانی دوو ملوانكەی برۆنز بە دەستبهێنێت و لە ساڵانی (2012 تا 2014) بەشداری چەندین پاڵەوانێتی تر كردووە، بەڵام ئەنجامەكانی وەكو پێویست نەبوو تا لە ساڵی 2015، كە بە ساڵی ئاڵتون لە ژیانی ئەم كچە یاریزانە هەژمار دەكرێت، كە توانی ملوانكەی ئاڵتون لە پاڵەوانێتی وڵاتانی ئەفریقی و عەرەبی بە دەستبهێنێت لە هەمان كاتدا ئەم كچە یاریزانە، یاری پایسكلسواریش ئەنجام دەدات و لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بەشداری لە چەندین پاڵەوانێتی كردووە لەسەر ئاستی عەرەبی و لە ژیانی وەرزشی تەنیا یاری بۆ یانەی دووكان كردووە و بیر لە جێهێشتنی ئەم یانەیە نەكردووتەوە.
فایلی وەرزشی گوڵان لە نزیكەوە چەند پرسیارێكی ئاراستەی كچە ئاڵتونیەكەی كوردستان كرد.
* تا چەند باوكت هۆكار بووە، جگە لە یانەی دووكان یاری بۆ هیچ یانەیەكی تر نەكەی؟
- من لە شارۆچكەی دووكان لە دایكبوومە و هەر لەوێش دەژیم، راستە باوكم كاریگەرە، بەڵام وەكو وەفایەك بۆ ئەم شارۆچكەیە ئامادە نیم بچمە یانەیەكی تر ئەمەش بڕیاری خۆمە، چونكە یانەكە زۆر پاڵپشت و هاوكار بووینە.
* لە مێژووی وەرزشیت دەستكەوتی زۆر گەورەت بە دەستهێناوە،هۆكاری پەراویز خستنەت لەلایەن راگەیاندن بۆ چ دەگەڕێتەوە؟
- راگەیاندن بایەخێكی ئەوتۆی بەمن و دەستكەوتەكانم نەداوە، هۆكاری پەراوێز خستنیشم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە لە ناو شار ناژیم بەڵكو لە شارۆچكەیەك دەژیم و هەروەها دەزگاكانی راگەیاندن ئەوەندی بایەخ بە هەواڵی دەرەوە دەدەن، ئاگاداری پاڵەوانەكانی كوردستان نین، بە دڵنیاوە دەڵێم رەنگە هەندێك هەر نەزانن لەنجە سەلام كێیە!!!.
* لایەنە پەیوەندارەكان تا چەند بایەخیان پێداوی؟
- جگە لە یانەكەم، لایەنە پەیوەندارەكان بەهیچ شێوەیەك بایەخیان پێ نەداوەم، ئەگەر بایەخیش هەبێت وەكو پێویست نەبوو، بە تایبەتی لەم یارییە قورسە، كە هەموو كەس ناتوانێت ئەم جۆرە یارییە ئەنجام بدات و دەستكەوتیش لەم جۆرە یارییانە زۆر قورسە.
* بۆچی تا ئێستا دەستكەوتەكانت لە یاری پایسكلسواری وەكو یارییە سیانیەكان نییە؟
- چونكە یارییە سیانییەكان لە منداڵیەوە ئەنجام دەدەم و ئەم یارییە لە سێ یاری پێكهاتووە، كە یاری سەرەكی مەلەوانییە و خۆم لە مەلەوانی ئاستم زۆر بەرزە، بەڵام لە پایسكلسواریش ئەنجامم هەیە، چونكە لە پاڵەوانێتیەكانی عێراق هەردەم لە ركابەری دام و یاریزانی هەڵبژاردەی عێراقم و بەشداری چەندین پاڵەوانێتیم كردووە.
* هیچ كات بیرت لە بەشداریكردن لە پاڵەوانێتیە نێودەوڵەتیەكان كردۆتەوە؟
- ئامانجی سەرەكی من لە بەشداریكردن لە پاڵەوانێتیەكان بۆ بە دەستهێنانی ملوانەكەیە، بۆیە بۆ هەر پاڵەوانێتیەك بەشداری بكەم بەشێوەیەكی زۆر باش خۆم ئامادە دەكەم، ئێستا پلانم هەیە بەشداری لە پاڵەوانێتی ئاسیا بكەم لە وڵاتی تایوان لە مانگی (7)ی ئەمساڵداو لە ئێستاوە بەشێوەیەكی باش خۆم ئامادە كردووە.
* تا چەند خێزانت پاڵپشتت بوە بۆ بە دەستهێنانی ئەم دەستكەوتانە؟
- ئەوەی راستی بێت هەر یاریزانێك جا چ كوڕ یان كچ بێت، ئەگەر خێزانەكەی پاڵپشتی نەبێت ناتوانێت ئەنجامی باش بە دەستبهێنێت، من خێزانەكم زۆر هاوكار و پاڵپشتم بووینە لە هەموو كاتێك دا لێرەوە بە دەرەفەتی دەزانم زۆر سوپاسیان بكەم بەتایبەتی باوكی خۆشەویستم، كە لە هەمان كاتدا راهێنەرمە.
* لە كوردستان كچان زۆر بە كەمی روو لەم یارییە دەكەن هۆكاری چییە؟
- وەكو باسم كرد مەلەوانی یارییەكی سەرەكی یاریە سیانییەكانە، بە داخەوە لە كوردستان كچان زۆر بە كەمی بایەخ بە مەلەوانی دەدەن، هەروەها خێزانەكانیش هۆكاری سەرەكین، كە رێگە نەدەن كچەكانیان روو لەم یارییە بكەن.
* گلەیی ئەوەت لێ دەكرێت، كە لە پاڵەوانێتیەكان یاخود لە كاتی وەرگرتنی ملوانكە ئاڵای عێراق بەرز دەكەیتەوە نەوەك كوردستانی، تا چەند ئەمە كێشەی بۆ درووست كردی؟
- بەراستی ئەمە زۆر كێشەی بۆ دروست كردوومە و گلەییەكی زۆریشم لێدەكرێت و حەز دەكەم لەسەر بابەتە قسەی خۆم هەبێت، ئێمە كوردین و شانازی بە كوردایەتی خۆمان دەكەین و كەسیش ناتوانێت موزایەدەی نەتەوایەتی لەسەر ئێمە بكات، من وەكو كچە یاریزانێك بەناوی هەڵبژاردەی عێراق بەشداری لە پاڵەوانێتیەكانی دەرەوە دەكەم بۆیە لەم پاڵەوانێتیانە رێگە نادەن جگە لە ئاڵای عێراق هیچ ئاڵایەكی تر بەرزبكرێتەوە، لێرەوە منیش گلەیی خۆم ئاڕاستەی لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان دەكەم، چونكە لەم لێژنەیە یەكێتییەك بەناوی یارییە سیانیەكان هەیە، چونكە یەكێتی یارییە سیانیەكانی كوردستان دەتوانن بەشداری لە پاڵەوانێتیەكانی دەرەوە بكەن بەناوی كوردستان، بەڵام ئەوان نەیانكردووە و هۆكارەكەشی نازانم و ئامادەم و بەشانازیەوە بەناوی هەڵبژاردەی كوردستان بەشداری هەر پاڵەوانێتیەكی دەرەوە بكەم.
* چ بكرێت بۆ ئەوەی ئاستی یارییە سیانیەكان لە كوردستان بەرزبێتەوە؟
- زۆر شت هەیە، كە دەكرێت ببێتە هۆكاری پێشخستنی ئەم یارییە بەتایبەتی لەسەر ئاستی كچان، دەبێت راهێنەری ئافرەتی ئاست بەرز هەبێت بۆ ئەوەی كچەكان متمانەی بەشداریكردنیان هەبێت لەم یارییە و كردنەوەی ئۆردوگای مەشقی درێژ خایەن و هەروەها كردنەوەی خول بۆ ئەو كەسانەی، كە ئارەزووی بەشداریكردنی ئەم یارییانەی هەیە، تا رادەیەكی زۆر ئەوانە دەبێتە هۆكاری پێشخستنی.
ديمانه : رێبین رەمزی
