دھۆک ھەوڵی سەرکەوتن دەدات
ھەر چەندە یانەی دھۆک لە قۆناغی یەکەمی خولی بژاردەی یانەکانی عێراقی تەنیا ٢خاڵی لە کۆی ئەنجامدانی ٣ یاری بەدەستھێنا، ئەم ئەنجامەیش بەدڵی دەستەی ڕاھێنەرانی یانەکە نییە و چاوی لە ئەنجامی باشترە بۆ قۆناغی دووەم کە بڕیارە یارییەکانی لە ٢١ی ئەم مانگە دەست پێبکاتەوە، لە ئێستاشدا یاریزانانی یانەی دھۆک بەسەرپەرشتی ڕاھێنەری بەتوانای یانەکە حازم ساڵح دەستی بە ئامادەکارییەکان کردۆتەوە بۆ ئەوەی لە قۆناغی دووەم بە سەرکەوتن بچنە نێوکێبرکێیەکان ھەر چەندە لە قۆناغی یەکەمیش ئاستی شایستەیان پێشکەش کرد، لەم بارەشەوە حازم ساڵح ڕاھێنەر تیپی تۆپی پێی یانەی وەرزشی دھۆک گوتی: ئامادەکارییەکانمان لە ئێستادا دەست پێکردۆتەوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی باشتر لە قۆناغی یەکەم خۆمان ئامادە بکەین، بۆ ئەنجامدانی یارییەکانی قۆناغی دووەم کە بڕیارە یارییەکانی لە ٢١ی مانگ دەست پێبکاتەوە، ئێمە وەکو یانەی دھۆک ھیچ گرفتێکمان نییە کە شایەنی باس کردن بێت، سوپاسی دەستەی کارگێری یانەکەش دەکەم کە ئەوان بەردەوام پاڵپشتی یانەکەن و ھۆکاری ئاست بەرزی یاریزانان بۆ پشتیگری ئەوان دەگەرێتەوە، گرفتەکانیش ھەر لە سایەی ئەوان چارەسەر کراون، بۆیە ئێمە کە رۆژانە مەشقی چڕ ئەنجام دەدەین بۆ ئەوەی لە قۆناغی دووەم ئەنجامی گەورە بەدەست بھێنین، لەم سێ یارییەش ئێمە پێویستمان بە ٥بۆ٦ خاڵ ھەیە بۆ ئەوەی بگەینە چوار گۆشەی زێرین ، بڕیاری ئەوەشمان داوە لەسەرەتای ھەفتەی داھاتوو لەسەر یاریگای خۆمان یارییەکی دۆستانەی ئامادەکاری لەگەڵ یانەی بەغداد ئەنجام دەدەین بۆ ئەوەی کەم و کورییەکانی ھێلی ناو تیپەکەمان بزانین و ئەوکاتیش بە شێوەیەکی باشتر خۆمان بۆ یارییەکان ئامادە بکەین، چونکە لەم قۆناغە ھەموو تیپەکانی ڕکابەر چاویان لەوەیە یەکتری لە زەوی بدەن و خۆیان بگەینە چوار گۆشەی زێرین و یاریزانانی یانەی دھۆکیش ئەوەیان تێدا ھەیە کە ئەم ئەنجامە بەدەست بھێنین چونکە ھیچمان لە یانەکانی تر کەمتر نییە.
