فوتساڵی ئافرەتانی هەولێر چاوی لە نازناوەكانە
راپۆرتی: كارزان كانەبی
مەزن محەمەد ڕاهێنەری تیپی فوتساڵی یانەی ئافرەتانی هەولێر لە بارەی ئامادەكارییەكانیان بۆ گۆڤاری گوڵان وتی: «ئێمە ئامادەكارییەكانمان بەردەوام بووە و لە شاری بەغداش پێوەندیمان پێوەكراوە كە 25ی ئەم مانگە یارییەكانی خولی تۆپی پێی كچانی یانەكانی عێراق دەست پێدەكات بۆ 11 یاریزانی، بۆ ئەم مەبەستە كەمپێكی یەك هەفتەییمان لە شاری هەولێر دەستپێكردووە، لە هەمان كاتیشدا لە مانگی هەشتی داهاتوو خولی فوتساڵی یانەكانی كوردستان دەستپێدەكات، بۆ ئەوەی یاریزانەكانمان بتوانن بە باشترین شێوە ئامادە بكەین»، وتیشی: «ئێمە رۆژانە مەشق دەكەین، بەڵام سەرجەم یاریزانانی ئێمە ئامادە نابن بەهۆی ئەوەی كە ئێستا ژمارەیەك لە یاریزانانی تیپەكەمان قوتابی زانكۆن و سەرقاڵی تاقیكردنەوەكانن، ئەوەش دەبێتە گرفتێك، هەندێك لە یاریزانانیش فەرمانبەرن و ناتوانن بەیانیان بێن، تەنیا لە یەكە مەشقییەكانی ئێواران ئامادە دەبن».
مەزن محەمەد لە بارەی شەڕی بەدەست هێنانی نازناوەكە وتی: «ئێمە پارساڵ پاڵەوانی خولی عێراق بووین و نوێنەری عێراقین لە ئاسیا، ئێستاش ئەركمان قورسە، بۆیە دەبێت بەهەر جۆرێك بێت پارێزگاری لە ئەنجامی وەرزی ڕابردوومان بكەین، جامەكەش بۆ كوردستان بهێنینەوە و لە كوردستانیش دەتوانین ئەنجامی شایستە بەدەستبهێنین». لە بارەی گرفتەكانیشیان وتی: «كێشەكانمان یەكجار زۆرە، ئێستا ئێمە رۆژانە مەشقمان هەیە، پارەی بەنزینی هاتوچۆی یاریزانانمان نییە و من وەكو ڕاهێنەر و سەرۆكی یانەكەش لەسەر گیرفانی خۆمان و بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆمان یاریزانان كۆدەكەینەوە، یاریزانمان هەیە لە دەرەوەی هەولێرە كە لە یانەكەمانە پێوەندی پێوە كردووم دەڵێ مامۆستا پارەی تەكسیم نییە، چۆن مەشق ئەنجام بدەم؟ ئێمەش ئەوەمان پێی وتووە كە مەشق نەكات بەهۆی ئەو بێ پارەییە، یاریزانانی شارەكانی تری كوردستانیش تەنیا پارەی هاتوچۆمان بۆ دابین كردوون، ئەگەر نا لە بارەگای یانەكە دەمێننەوە هیچی تریان نییە، ئەوەش گرفتە.
دنیا سەدرەدین گۆڵچی یانەی ئافرەتانی هەولێر وتی: «لە ئێستادا ئێمە ئامادەكارییەكانمان دەست پێكردووە بۆ بەشداریكردن لە هەردوو خولی عێراق و كوردستان، رۆژانە مەشقی چڕ ئەنجام دەدەین بە ئامانجی دەستەبەركردنی ئەنجامی شایستە، بەڵام ئێمە كێشەی سەرەكیمان نەبوونی توانای دارایی باشە، چونكە بۆ وەرزشی ئەمڕۆ پارە زۆر پێویستە، جگە لەوەش یاریگای تایبەتمان بە خۆمان نییە، ئەوەش كێشە بۆ مەشقەكانمان دروست دەكات. ئێمە بە رۆژ لە هۆڵی داخراوی یانەی هەولێر و بە ئێوارانیش لە ناو قوتابخانەكان مەشق دەكەین. بۆ ئێمە ئەوە زەحمەتە، بۆیە دواكارین لە لایەنی بەرپرس هاوكاریمان بكەن و زیاتر گرنگی بە وەرزشی كچان بدەن.
زینە جەمیل كاپتنی یانەكەیە و ئەویش باسی ئەوەی كرد كە ئامادەكارییەكانیان گرفتی هەیە و یاریزانەكانیان گرفتی هات و چۆیان هەیە و لە مەشقەكانیش بە تەواوی ئامادە نابن، بەتایبەتی ئەوانەی دەرەوەی هەولێر و بەشێك لە یاریزانانی ناو هەولێریش، وتیشی: «یانەكەمان لە بارودۆخێكی خراپی داراییە و ناتوانین كرێی هاتوچۆ بۆ یاریزانان دابین بكەین و ئێمەش نیگەرانین لەم بارودۆخە، جگە لەوەش سەرۆكی یانەكەمان و ڕاهێنەری یانە ئۆتۆمبێلەكانی خۆیان بۆ یاریزانان دابین كردووە، بۆ ئەوەی مەشقەكانمان بەردەوام بێت، ئەوەش بۆ ئێمە زەحمەتە كە سەرجەم یاریزانان لە یەكەی ڕاهێنان ئامادە نەبن، زۆرجاریش من لە دهۆكەوە دێم و یاریزانانی ترمان هەیە لە سلێمانییەوە دێت و یاریزانمان هەیە لە دەرەوەی شاری هەولێرە بە تەكسی دێتە مەشقەكان و هەموومان لەسەر حیسابی خۆمانە، ئەوەش تەنیا بۆ خۆشەویستی وەرزشە، دەنا فشاری داراییمان دەخاتەسەر. وەرزش لێرە لەسەر پشتی كیسەڵ بەڕێوە دەچێت. ئێمە پاڵەوانی عێراق بووین، كەچی كەس هاوكاریمان ناكات، ئەوە چۆن دەبێت؟»
بەڵام بینایی عوسمان یاریزانی تیپی فوتساڵی ئافرەتانی هەولێر رایوایە ئامادەكارییەكانیان باشە و لەوبارەیەوە وتی: «رۆژانە دوو یەكەی مەشقی ئەنجام دەدەین، ئامانجمان بەدەست هێنانی ئەنجامی شایستەیە لە خولی فوتساڵی عێراقی و كوردستان، سەرەڕای ئەو قەیرانە داراییە ئەم هیوایە لای یاریزانانی یانەكەمان هەیە كە دەتوانن ئەنجامی شایستە بۆ یانەی ئافرەتانی هەولێر بەدەست بهێنین، حەزیش دەكەین لە مەشقەكان سەرجەم یاریزانانی خۆمان ئامادە بن، بەڵام قەیرانی دارایی رێگرە لەوەی كە بتوانین ئاست و ئەنجامی باشتر پێشكەش بكەین. بەهیوای ئەوەین لایەنی بەرپرس ئاوڕێك لە وەرزشی كچان بدەنەوە و هاوكاریی ئێمەش بكەن كە پاڵەوانی عێراقین، بۆ ئەوەی ئەمساڵیش نازناوەكە بهێننەوە پایتەختی كوردستان، یاریگەی باشترمان بۆ دروست بكەن و دەتوانین بە هیمەتی هەموو لایەك و بە ماندبوونی یاریزانەكان ئەنجامی باشتر بۆ وەرزشی كوردستان دەستەبەر بكەین.»
