ماڵپەڕی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستانیان هاك كرا

ماڵپەڕی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستانیان هاك كرا
سەرچاوەیەك لە راگەیاندنی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان ئاشكرایكرد، ماڵپەڕی یەكێتییەكە هاككراوە و پۆستی عەرەبی و رەگەزپەرستانە و دژ بە كوردستانی تێدا دانراوە.
سەرچاوەكە راگەیاند، دوێنێ ئێوارە ماڵپەڕی فەرمیی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان لەلایەن هاككەرە عەرەبەكانەوە هاككراوە، كە پێدەچێت لە بەغداوە ئەم كارە كرابێت.
گوتیشی: "لەگەڵ هاككردنەكەدا چەند پۆستێكیان لەسەر ماڵپەڕەكە دانابوو، كە تێیدا نووسراوبوو "چونكە ئێوە گاڵتەتان بە ئاڵا و هەڵبژاردەی عێراق كرد لە یارییەكەی زاخۆ وعێراقدا، بۆیە ئێمەش ماڵپەڕەكەتان هاك دەكەین.
سەرچاوەكەی راگەیاندنی یەكێتیی تۆپ یپێ گوتی: توانیمان بگەڕێینەوە نێو ئادمینی ماڵپەڕەكە و پۆستەكانی ئەوان لابدەین و ئێستا ماڵپەڕەكە لەژێر كۆنتڕۆڵی خۆماندایە و كاری تێدادەكەین بۆ چاككردنەوەی.
ئاماژەی بەوەشدا" بەداخەوە یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان هیچ پەیوەندییەكی بە هەڵسوكەوتی جەماوەری وەرزشی نییە لە یاریگەی زاخۆ، بەڵام دیارە ئەوان دەمێكە ئامانجیانە زیان بە وەرزشی كوردستان بگەیەنن، بە تایبەتی لەوكاتەوەی كە یەكێتیی تۆپی پێ هەوڵی ئەوەدەدات پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ فیفا هەبێت و مافێك بەدەست بهێنێت بۆ وەرزشی كوردستان.
ئەو سەرچاوە دواجار ئاماژەی بەوەدا كە لە چەند كاژێری داهاتوودا ماڵپەڕەكە دەكەوێتەوەكار.
Top