بۆ کردنەوەی یاریگای زاخۆ ئەمڕۆ لە یارییەکی دۆستانە ھەردوو تیپی ھەڵبژاردەی عێراق و زاخۆ بەیەک دەگەن
بەمەبەستی کردنەوەی یاریگا تازە مۆدێرنەکەی یانەی وەرزشی زاخۆ کەلەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بەبڕی ١ملیۆن دۆلار دروست کرابوو، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە لەکاتژمێرھەشت و نیوی شەو لە کەرنەڤالێکی بێ وێنەدا لە یارییەکی دۆستانەی نێوان ھەردوو ھەڵبژاردەی نیشتمانی عێراق وزاخۆ یاریگا تازەکەی زاخۆ بەفەرمی بکرێتەوە، بۆ ئەم یارییەش بڕیارە چەندین بەرپرسی حزبی و حکومی لەسەر ئاستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی عێراقی ئامادە مەڕاسیمی کردنەوەی یاریگا نێودەوڵەتیەکەی یانەی زاخۆ بن، یانەی زاخۆ بە پشت بەستن بە چەندین یاریزانی کوردی یانەکانی تری شارەکانی عێراق ماوەی چەند رۆژێکە مەشقەکانی بەردەوام کردوە بە ئامانجی بەدەستھێنانی ئەنجامی شایستە لە کردنەوەی یاریگا تازەکەی، ھەڵبژاردەی عێراقیش ھەوڵی خۆی دەدات بۆ ئەوەی ئەنجامی باش بەدەست بھێنێت ئەوکات ڕوولە وڵاتی ئەندە نوسیا بکات بۆ ئەنجامدانی یارییەکی تری دۆستانە، لەبارەی کردنەوەی یاریگاکەش سەربەست عەلی لە راگەیاندنی یانەی زاخۆ گوتی: ئامادەکارییەکانمان زۆر بە شێوەیەکی باش کردوە بۆ ئەوەی ئەم شەو بە شێوەیەکی زۆر تازە مەڕاسیمی کردنەوەی یاریگا نێودەوڵەتیەکەمان ئەنجام بدەن، گوتیشی" تاکو ئێستا زانیاری ئەوەمان نییە کە چ بەرپرسێک ئامادە دەبێت، بەڵام ئێمە دەمانەوێ بتوانین باشترین شێوە مەڕاسیمەکە ئەنجام بدەین و یانەکەشمان بە پشت بەستن بە یاریزانانی کورد دەتوانین ئەنجامی شایستە بەدەست بھێنین، گوتیشی" چوونە ژوورەوە بۆ یاریگا بە خۆڕاییە و لەم بڕوایەشین ژمارەیەکی زۆر لە ھاندەرانی وەرزشی ئامادەبن لەسەرتاسەری ھەرێمی کوردستان حەزیش دەکەین بە باشترین یاریگاکەمان بکرێتەوە.
