یانەی پێشمەرگەی سلێمانی گۆڕانكاری دەكات

یانەی پێشمەرگەی سلێمانی  گۆڕانكاری دەكات
یانەی پێشمەرگەی سلێمانی لە مێژووی خۆیدا دووچاری رووداوێكی نەخوازراو بوو كە ئەویش دابەزینی یانەكە بوو بۆ خولی یانە پلە یەكەكانی كوردستان، هەرچەندە ئەو یانەیە كۆمەڵێك گۆڕانكاری لە ریزی دەستەی ڕاهێنەران و چەند یاریزانێك كرد، بەڵام ئەمانە نەبوونە فریادڕەس بۆ رزگاربوونی لە قەیرانی دابەزین، بۆیە لە وەرزی داهاتوو دەبێت لە سەرەتاوە دەست پێبكات بۆ ئەوەی جارێكی دیكە بگاتەوە خولی نایابی كوردستان. لەبارەی گۆڕانكارییەكانی یانەكەش میران محەمەد بەرپرسی راگەیاندنی یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «دوای ئەوەی ئێمە لەم وەزرە تیپەكەمان دابەزی بۆ خولی پلە یەكی كوردستان، بۆیە دەستەی كارگێڕی یانەكەمان كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا و بڕیاری دا بە مانەوەی سەردار ساڵحی ڕاهێنەری یانەكە بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە مەشقدانەوەی یانەكە و لە ئێستاوە بەرنامەیەكی تۆكمە دابڕێژێت و بتوانێ یانەكە سەر لەنوێ رێك بخاتەوە و بتوانێ یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بگەڕێنێتەوە خولی نایابی كوردستان»، لەبارەی گۆڕانكاری لە پێكهاتەی یانەكەش میران گوتی: «ڕاهێنەر بەڵێنی ئەوەی داوە گۆڕانكاری لە ریزی پێكهاتەی یانەكەشمان بكات بۆ ئەوەی تیپێكی نوێ دابنێت و بتوانێ ئاستی تیپەكە بەرز بكاتەوە سەد لە سەدیش گۆڕانكاری دەكەین، دەستەی كارگێڕیش پاڵپشتی دەكەن بۆ ئەوەی بتوانێ ئاستی یانەی پێشمەرگە بگەڕێتەوە دۆخی جارانی خۆی»، لە بارەی دەست پێكردنەوەی مەشقەكانیش ناوبراو گوتی: « ڕاهێنەر بڕیاری ئەوە داوە لەسەرەتای ئەم مانگە دەست بە كۆكردنەوەی یاریزانان بكات و تیپەكە بە شێوەیەكی باشتر دەربكەوین، ئەگەر پێویستیش بكات ئەوە پشت بەتواناكانی یاریزانانی پیشگەریش دەبەستین بۆ ئەوەی هەرچی لە توانامان بێت ئەنجامی بدەین، تەنیا بۆ ئەوەی یانەكە لەم قۆناغە خۆی رزگار بكات و سەربكەوینەوە بۆ ریزی یانە نایابەكان، ئەویش بەهیمەتی هەموو لایەك بەیەكەوە دەكرێت».
Top