فیفا دەڵێت هەولێر و یەكێتی تۆپی پێی عێراق دەڵێت بەسرە

فیفا دەڵێت هەولێر و یەكێتی تۆپی پێی عێراق دەڵێت بەسرە
دوای ئەوەی سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی عێراق عەبدولخالق مەسعود و وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق عەبدولحوسێن عەبتان سەردانی سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیف) جۆزێف پلاتر كەوت بەمەبەستی هەڵگرتنی گەمارۆی وەرزشی لەسەر عێراق، بڕیاری فیفا لەسەر هەڵگرتنی گەمارۆی وەرزشی ئەنجامدانی یارییەكی دۆستانەی نێودەوڵەتیە.
دوای گەرانەوەی شاندەكە بۆ عێراق گشت ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی ئەم یارییە رێكخرا، كە بڕیارە هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و سوریا رووبەرووی یەكتر ببنەوە لە یاریگەی بەسرە نێودەوڵەتی.
بەڵام ئەمرۆ ئەندامی یەكێتی تۆپی پێی عێراق محەمەد جەواد سائغ بابەتێكی گرنگی باسكرد، كە رەنگە ببێتە هۆكاری دروستبوونی كێشە.
محەمەد جەواد سائغ گوتی: جۆزیف پلاتەر سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی رەزامەندی لەسەر بەرێوەچوونی ئەم یارییە لە شاری بەسرە نەداوە، بەڵكو گلۆپی سەوزی بۆ ئەنجامدانی لە شاری هەولێر داوە، ئەم قسەیەش لەسەر زاری سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی عێراق عەبدولخالق مەسعود گواستیتەوە.
لە درێژەی قسەكانیدا ئەندامی یەكێتی تۆپی پێی عێراق محەمەد جەواد سائغ گوتی: تا ئێستا ئاماژەكان بەهیچ شێوەیەك بەوە ناچێت، كە یارییەكە لە شاری بەسرە ئەنجام بدرێت، چونكە تا ئێستا هیچ نووسراوێكی فەرمی یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی سەبارەت بەم بابەتە نییە، ئاخۆ لە هەولێر یان بەسرە.
رێبین رەمزی
Top