لەگەڵ ئەوەی ئەم وەرزە یانەی وەرزشیی زاخۆ بە هیوای بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستەیە، بە فەرمی گرێبەستی لەگەڵ فەواز مەندۆی راهێنەری بە رەگەز سووری مۆركرد بۆ ئەوەی بتوانێ لە خولی نایابی یانەكانی كوردستان كێبڕكێ لەسەر بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە بكات، بەڵام دوایین یاریی ئەم وەرزەی خولەكە یانەی زاخۆ لەسەر دەستی فەوازی سووری دووچاری گەورەترین شكست بووە لەم وەرزە لەبەرامبەر یانەی زێرەڤانی بە ئەنجامی(6-0)گۆڵ، ئەم ئەنجامەش بووە مایەی دڵگرانی دەستەی كارگێڕیی یانەكە و هاندەران و وەرزشكارانی شارەكە، بۆیە لە دوای كۆتایی هاتنی یارییەكە دەستەی راهێنەرانی یانەكە دەست لە كاركێشانەوەی خۆیان لە مەشقی یانەی زاخۆ راگەیاند. دەستەی كارگێڕیی یانەكەش بڕیاری دەست لەكاركێشانەوەكەی پەسند كرد و بڕیاری ئەوەشیان دا كە وەكو سزایەك بۆ ئەم شكستە قورسەی یانەكە 30%ی بڕی گرێبەستی یاریزانان و راهێنەران كەم بكرێتەوە. لە ئێستادا بیر لە هێنانی راهێنەرێكی بەتوانا دەكەنەوە بۆ ئەوەی مەشقی یانەكە لە ئەستۆ بگرێت. لەم بارەشەوە سەربەست عەلی لە راگەیاندنی یانەی زاخۆ بۆ گۆڤاری گوڵان وتی: «دوای یاری زێرەڤانی كە دوایین یاریمان بوو لە خولی نایاب و دووچاری ئەنجامێكی خراپ بووین كە بووە مایەی دڵگرانی هەموو لایەكمان، بۆیە لە دوای یارییەكە فەواز مەندۆی راهێنەر داوای دەست لەكار كێشانەوەی لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەی زاخۆ كرد، داوای لێبوردنی لە دەستەی كارگێڕیی یانەكە و یاریزانان و هاندەرانی یانەكە كرد، دەستەی كارگێڕیش دەست لە كاركێشانەوەكەی پەسند كرد و لە شوێنی ئەویش تاكو ئێستا هیچ كەسێك بە فەرمی دیاری نەكراوە، بەڵام دەستەی كارگێڕیی یانەكەمان بۆ ساڵی داهاتوو راهێنەرێكی بەتوانا دیاری دەكات بۆ سەرپەرشتیكردنی خولی كوردستانی یانەكەمان، چونكە ئێمە ئەمساڵ سەرەڕای ئەوەی گرنگیی باشمان بە تیپەكە دا، بەڵام ئەنجامەكانمان وەكو پێویست نەبوو، بە فەرمیش قسە لەگەڵ هیچ راهێنەرێك نەكراوە بۆ سەرپەرشتیكردنی تیپەكەمان، چونكە تازە خولەكە بە كۆتایی هاتووە».