خەڵات ئەسعەد: گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی كچانی عێراق هیچمان لە كوڕان كەمتر نییە و دەتوانین ئەنجامی گەورە بەدەست بهێنین

خەڵات ئەسعەد: گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی كچانی عێراق هیچمان لە كوڕان كەمتر نییە و دەتوانین ئەنجامی گەورە بەدەست بهێنین
خەڵات یەكێكە لەو كچە یاریزانانەی كە لە پاڵەوانێتی تۆپی پێی فوتساڵی یانە نایابەكانی عێراق توانی ئاستێكی یەكجار بەرز پێشكەش بكات لە خولەكە لەگەڵ یانەی ئافرەتانی هەولێر و توانی پارێزگاری لە گۆڵی تیپەكەی بكات، ئەمساڵیش دەیەوێت لە خولی كوردستانیش لەگەڵ یانەكەی ئاست و ئەنجامی شایستە پێشكەش بكات. بە هۆی ئەو ئاستە بەرزەی لە یاریكردن پێشكەشی كردووە، بۆتە جێگەی سەرنجی دەستەی ڕاهێنەرانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراقی، بە ئومێدی ئەوەی بتوانێت پەرە بە تواناكانی بدەن و ببێتە ئەستێرەیەكی پرشنگدار لە ئاسمانی عێراقی و كوردستانیش. خەڵات ساڵی 1996 لە قەزای ئاكرێ سەر بە پارێزگای دهۆك لە دایكبووە و ئێستاش یاریزانی یانەی ئافرەتانی هەولێرە، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد و بەمجۆرە وەڵامی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
ديمانه : كارزان كانەبی
*بۆ چی وەرزشت هەڵبژارد؟
- من وەكو هەموو یاریزانەكان زۆر حەزم بە وەرزش دەكرد و هەستم دەكرد دەتوانم ببمە یاریزانێكی ئاست بەرز لە یاری تۆپی پێ، بۆیە دوای هەوڵێكی زۆرم توانیم خۆم لە ناو دنیای وەرزش بدۆزمەوە.
* بۆ چی لە ناو ئەم هەموو یارییە جۆراوجۆرە تۆپی پێت هەڵبژارد؟
- من لە پەیمانگای وەرزشی قوتابیم و زۆربەی یارییەكان ئەنجام دەدەم، بەڵام دەتوانم بڵێم لە ناو هەموو یارییەكان لە تۆپی پێ سەركەوتوو بووم و توانیومە شوێن پەنجەی خۆم لەم یارییە دیاری بكەم، لە داهاتووشدا دەتوانم ئەنجامی شایستەتر بەدەست بهێنم.
* وەكو یاریزانێك كە لە چەند خولێك بەشداریت كردووە، ئاستی یاری فوتساڵ چۆن دەبینی؟
- یاری تۆپی فوتساڵ لە ئێستادا گرنگی پێدراوە لەلایەن یاریزانان و یانەكانیش، ئەوەی منیش تێبینیم كردبێت لە ئێستادا بە هۆی كردنەوەی پاڵەوانێتی لەلایەن یەكێتیی تۆپی پێی كوردستانەوە یاریزانان زیاتر روو لەم یارییە دەكەن، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە كە گرنگی پێدراوە.
* ئێستا دەستنیشان كراوی بۆ ئەوەی لە ریزی هەڵبژاردەی عێراقی یاری بكەیت، ئامانجت لەگەڵ هەڵبژاردەكە چییە؟
- ئەوە هیوا و ئاواتی هەموو یاریزانێكە كە لە ریزی هەڵبژاردەی نیشتمانی یاری بكات، منیش هەموو هەوڵێكم داوە بۆ ئەوەی ئاواتەكەم بێتەدێ، بەهیوای ئەوەشم لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵەوانێتییەك بەشداری بكەم و ئەنجامی دڵخۆشكەر بەدەست بهێنم.
*بۆچی لە شاری ئاكرێ یاری ناكەی و پەیوەندیت بە یانەیەكی شاری هەولێر كردووە؟
- لەبەر چەند هۆیەك من لەو شارە یاریم نەكردووە و هاتوومەتە شاری هەولێر، هۆكاری یەكەم لەبەر ئەوە بووە كە لە شاری ئاكرێ گرنگی بە ئافرەتانی وەرزشكار نادرێت، بەپێچەوانەوە گرنگی بە كوڕان دەدرێت، بۆیە منیش ئەوەم پێ باش بوو كە بێمە ریزی یانەی ئافرەتانی هەولێر.
*حەز دەكەی لە پاڵەوانێتییەك لە دەرەوەی وڵات بەشدار بكەی؟
- ئەوە هیوای منە وەكو كچە یاریزانێك بۆ ئەوەی بیسەلمێنم كە ئێمەی كچان هیچمان كەمتر نییە لە كوڕان و دەشتوانین ئەنجامی گەورە تۆماربكەین.
* وەكو كچە وەرزشكارێك كە لە شاری ئاكرێەوە دێیتە شاری هەولێر بۆ وەرزشكردن ئایا گرفتت بۆ دروست نابێت؟
- نەخێر، زۆریش ئاساییە و منیش وەرزشكارم لە هەر شوێنێك بێت، من گرنگی بە توانای خۆم دەدەم و خزمەتی وەرزشەكەم دەكەم.
* بەهیوای ئەوەی هەڵبژاردەی تۆپی پێی كوردستان دابمەزرێ و تۆش یەكێك لە یاریزانانی ئەو هەڵبژاردەیە بیت؟
- منیش وەكو كچە كوردێك بەهیوای ئەوەم و خۆیشم بەرگری لە گۆڵەكەی كوردستان بكەم.
* زۆر كات كچان گرفتیان لە وەرزشكردن بۆ دروست دەبێت، تاكو ئێستا وەكو یاریزان گرفتت بۆ دروست بووە ؟
-نەخێر، زۆر سوپاسی ماڵەوەش دەكەم كە ئەوان پشتیوانی بەردەوامی منن لە وەرزشكردن، ئەوان هەموو كات هۆكار بوون بۆ بەردەوامیی من و گرنگیدان بە ئاستی خۆیشم وەكو یاریزانێك.
* خوێندنت نەبۆتە كۆسپ لەبەردەم وەرزشكردنت؟
- نەخێر، من كە هاتمە نێو وەرزش رێگەم نەداوە هیچ كاریگەری لەسەر خوێندنم دروست بێت و بەپێی پلانەكانم هەردووكیان ئەنجام دەدەم، پەنا بەخواش لە هەردووكیان سەركەوتوو دەبم.
* بەچ یاریزانێكی جیهانی و یانەیەك زۆر سەرسامی؟
- بە كریستانۆ رۆناڵدۆی پرتوگالی ئەستێرەی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی .
* وەكو كچە یاریزانێك لە وەرزش هیوا و ئاواتت چییە؟
- بەهیوای ئەوەم لایەنی پەیوەندیدار گرنگیی زیاتر بە وەرزشی ئافرەتان بدەن، هەموو كات تەنیا پشتگیری كوڕان نەكەن، پێویستە هەردوو لا بەیەك چاو سەیر بكەن.
*راگەیاندنەكان وەكو پێویست گرنگییان بە وەرزش داوە؟
-وەكو پێویست خزمەتیان بە یاریزانانی كوڕ و كچ كردووە لە شارەكانی كوردستان بە هیوام ئەم پشتگیرییە بەردەوام بێت.
*دوا پەیڤت بۆ گۆڤاری گوڵان؟
-سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەكەم، بەهیوای ئەوەم زیاتر گرنگی بە لایەنەكانی وەرزشی كچان بەگشتی بدەن، چونكە پێشكەوتنی هەر وڵاتێك بە هەموو پێوەرەكان یەكسانی رەگەزییە و دەبێت گرنگی بە هەموو سێكتەرەكانی ژیان بدرێت، وەرزیش گرنگی زۆری هەیە.
Top