سلێمانی ڕاھێنەری یانەکەی نەگۆریوە
دوای ئەوەی ئەم وەزرە یانەی سلێمانی نەیتوانی ھیچ ئەنجامێکی شایستە بەدەست بھێنێت لە یارییەکانی خولی نایابی یانەکانی کوردستان جگە لە مانەوە نەبێت لە خولەکە کە دەستەی کارگێڕی یانەکەش بەم ئەنجامە ڕازی بووە، بەڵام دەنگۆی دەست لە کارکێشانەوەی ڕاھێنەری یانەکە رزگار عەلی لە ئارادابوو کە یانەی سلێمانی لە دوای کۆتایی ھاتنی خولەکە پشت بە تواناکانی ڕاھێنەرێکی تر دەبەستێ، بەڵام دەستەی کارگێری یانەکە تاکو ئێستا دەستبەرداری رزگار عەلی ڕاھێنەر نەبووە و ئەوەیش بەفەرمی ھیچ دەست لەکارکێشانەوەیەکی پێشکەش بە کارگێرانی یانەکە نەکردوە، لە بارەی دەست لە کارکێشانەوە و مانەوەی ڕاھێنەری یانەکە بێوەی ئەحمەد ئەندامی دەستەی راگەیاندنی یانەی وەرزشی سلێمانی گوتی: ئێمە تاکو ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی لەگەڵ ڕاھێنەری یانەکەمان کۆنەبووینەتەوە بۆ ئەوەی قسە لەسەر مانەوە و واز ھێنانی ناوبراو بکەین، بەڵام لە رۆژانی داھاتوو دەستەی کارگێڕی یانەکە بەفەرمی لەگەڵ ستافی دەستەی ڕاھێنەرانی یانەکەمان کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە لە زاری دەستەی ڕاھێنەران بگەن بزانن داواکارییەکانی ئەوان چین وەکو ڕاھێنەر ، ئەگەر توانیمان داواکارییەکانی رزگار عەلی جێ بەجێ بکەین و لەتوانای یانەکەمان بێت ئەوان لەگەڵی بەردەوام دەبین ئەگەر نەمانتوانی داواکارییەکانی جێ بەجێ بکەین ئەوکات ئەوە قسەیەکی تر تێدا دەکەین، تاکو ئێستاش ناوبراو بەفەرمی ھیچ دەست لە کارکێشیانەوەیەکی پێشکەشی دەستەی کارگێری یانەکەش نەکردوە، بۆیە تاکو ئێستا رزگار عەلی بەفەرمی ڕاھێنەری یانەی سلێمانییە، ئێمەش ھیچ گرفتێکمان لەگەڵ ڕاھێنەری ناوبراو نییە.
