باشترینەكانی كوردستان یاریگەی زاخۆی نێودەوڵەتی دەكەنەوە

باشترینەكانی كوردستان یاریگەی زاخۆی نێودەوڵەتی دەكەنەوە
وا بڕیارە لە رۆژی (2015/6/3) یاریگەی نێودەوڵەتی زاخۆ بكرێتەوە ئەوەیش بە ئەنجامدانی یارییەكی دۆستانە لە نێوان هەردوو هەڵبژاردەی یەكەمی عێراق و یانەی زاخۆ.
بۆ ئەم مەبستەش دەستەی كارگێری یانەی زاخۆ پلانێكی توكمەی بۆ ئەم یارییە و كردنەوەی یاریگا ئامادە كردووە، سەرەتا هەردوو راهێنەر ئەمین یونس و رەزوان ناجی-یان دەستنیشانكردووە بۆ ئەوەی ببنە راهێنەری یانەكە لەم یارییە و لە هەمانكاتدا بڕیاریان داوە، چەند یاریزانێكی كوردی یانەك كوردستانیەكان بانگهێشت بكەم بۆ ئەوەی لە یاری كردنەوە بەشداری بكەن ئەوەیش بەمشێوەیە: (بەرۆژ جادر، رێبر محەمەد، حەمید ئیسماعیل، مەسرور رەزوان، دلۆڤان مهدی، هوشیار، ئەمیر خان خواستی، عەبدولرەزاق حەیدەر، دیار یاخی، كامەران، جاسم محمد حاجی، یونس شكور، فەرحان شكور، ستار یاسین، هەردی سیامند، میران خەسرەو، هەڵگورد مەلا محەمەد، كۆسرەت بایز، حاتم زێدان، محەمەد سابر، هونەر ئەحمەد، بیلال ساڵح ) دەستنیشانكراون بۆ ئەوەی بەشداری لەم كەرنەڤالە بكەن.
لە هەمان كاتدا لێژنەی ئامادەكاری چەند رێوشوێنێكی توند دەگرنە بەر بۆ ئەوەی لە كردنەوەی یاریگا لە هەموو كێشە و گرفتێك دووربن.
چاوەرَوان دەكرێت لەم بۆنەیە چەندین كەسایەتی گەورەی سیاسی و وەرزشی كوردستان و عێراق بەشداری بكەن، و هەروەها پلان هەیە بانگهێشتی هەموو سەرۆك یانەكانی كوردستان و عێراق بكەن بۆ بەشداریكردن لەم كەرنەڤالە.
جێگەی باسە یاریگەی نێودەوڵەتی زاخۆ لەگەل كردنەوەی بە یەكێك لە خۆشترین یاریگاكانی عێراق دادەندرێت و شوێنی (20) هەزار هاندەر دەبێتەوە و دیاری تایبەتی رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ ئەم یانەیە، دوای ئەوەی توانیان نازناوی جامی كوردستان بە دەستبهێنن.
رێبین رەمزی
فۆتۆ: فەیسەڵ محەمەد
Top