سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان دۆسیەی كوردستانی رادەستی سەرۆكی فیفا كرد
سەفین كانەبی بە سایتی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستانی راگەیاند، ئەمڕۆ لە شاری رامەڵڵا لە فەڵەستین، چاوی بە سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی جۆزیف سیپ بلاتەر كەوتووە و دیدارێكی كورتی لەگەڵدا هەبووە.
سەفین كانەبی ئاماژەی بەوەدا دیدارەكە بە داوەتنامەیەكی فەرمی یەكێتیی تۆپی پێی فەڵەستین هاتەدی، كە هەر ئەمڕۆ بلاتەر گەیشتە فەڵەستین .
كانەبی رایگەیاند: لە دیدارێكی كورتدا یەكترناسینمان لەگەڵ بلاتەر ئەنجام دا و دواتر دۆسیەیەكی تایبەتمان بە تۆپی پێ لە هەرێمی كوردستان رادەستی بەڕێزیان كرد، كە تایبەت بوو بە رەوشی تۆپی پێ لە كوردستان و یاریگەكان و هەوڵ و چالاكییەكان بۆ پێشخستنی تۆپی پێ.
سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێ وردەكارییەكانی دیدارەكەی لەگەڵ بلاتەر باس نەكرد و تەنیا ئەوە نەبێت، كە بلاتەر خۆشحاڵیی خۆی بە بینینی سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان دەربڕیوە و لۆگۆی تایبەتی فیفای پێشكەشی تۆپی پێی کوردستان كردووە، هەروەها رایگەیاندووە كە سەیری دۆسیەی كوردستان دەكات و هەوڵدەدات شاندی كوردستان داوەتی زیوریخ و بارەگەی یەكێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی، فیفا، بكات.
سەفین كانەبی سوپاسی یەكێتیی تۆپی پێی فەڵەستین و سەرۆكی یەكێتییەكە لیوا جبریل رەجووبی كرد بۆ رێكخستنی دیدارەكە.
فۆتۆ: رائید عەمڕۆ – فەڵەستین
