چوارشەممە سەفین كانەبی و سەرۆكی فیفا كۆدەبنەوە

چوارشەممە سەفین كانەبی و سەرۆكی فیفا كۆدەبنەوە
سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان ئاشكرایكرد، رۆژی چوارشەممە لە وڵاتی فەڵەستین چاوی بە سەرۆكی یەكێتیی نێودەوڵەتی تۆپی پێ جۆزیف سیپ بلاتەر دەكەوێت و كۆبوونەوەیەكی گرنگی لەگەڵدا دەبێت.
سەفین كانەبی كەمێك پێش ئێستا بە سایتی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستانی راگەیاند: رۆژی چوارشەممە لە شاری رامەڵڵا لە فەڵەستین دیدارێكم لەگەڵ سەرۆكی یەكێتیی نێودەوڵەتی تۆپی پێ، فیفا، جۆزیف سیپ بلاتەر دەبێت و كۆبوونەوەیەكی گرنگمان لەگەڵیدا دەبێت.
گوتیشی: "لە كۆبوونەوەكەدا دۆسیەی تۆپی پێی كوردستان و ئەندامبوون لە فیفا، رادەستی جۆزیف بلاتەر دەكەین و دۆسیەیەكی گرنگ و باشمان ئامادەكردووە سەبارەت بە تۆپی پێ لە هەرێمی كوردستان و هەوڵدەدەین ببینە ئەندام لەو یەكێتییەدا
سەفین كانەبی بە خۆشحاڵی و گەشبینییەوە باسی لەو دیدارە كرد و ئاشكراشیكرد، ئەو دیدار و كۆبوونەوەیە لەگەڵ سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی، لەلایەن سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی فەڵەستین لیوا جبریل رەجوبەوە رێكخراوە و سوپاسی یەكێتیی تۆپی پێی فەڵەستینی كرد بۆ دەرفەتە گرنگەی كە بۆ تۆپی پێی كوردستانیان رەخساندووە.
جێی ئاماژەیە سەرەتای ئەمساڵیش لە پاڵەوانیەتیی كەنداو، كە لە سعودیە بەڕێوەچوو، سەفین كانەبی سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان چاوی بە سەرۆكی فیفا كەوت و دیدارێكی كورتیان هەبووە.
یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان ماوەیەكی زۆرە دەیەوێت دەرگەیەكی فەرمی و یاسایی بكاتەوە بۆ ئەوەی ئەندامیەتیی لە یەكێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی، فیفا بۆ هەرێمی كوردستان بەدەست بهێنێت، وەكو هەرێمە فیدڕالەكانی دیكەی جیهان.
Top