لە دواین یاری خۆیدا... هەولێر لە قادسیەی بردەوە

لە دواین یاری خۆیدا... هەولێر لە قادسیەی بردەوە
لە چوارچێوەی یارییەكانی جەولەی شەشەم و كۆتایی كۆمەڵەی سێیەمی جامی یەكێتی ئاسیا بۆ تۆپی پێی، رۆژی چوارشەممە لە یاریگەی یانەی كوەێت هەردوو یانەی هەولێر و قادسیەی كوەێتی رووبەرووی یەكتر بوونەوە.
ئەم یارییە هیج گرنگیەكی بۆ هەولێر نەبوو، چونكە بەفەرمی ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتیەكە كردبوو لە بەرانبەردا یانەی قادسیە هەوڵی تۆماركردنی سەركەوتنی دەدا بۆ ئەوەی بتوانێ پێشەنگی كۆمەڵەكە بگرێت.
لە گێمی یەكەمی یارییەكەدا یانەی هەولێر بە ئاستێكی بەرز بە دەركەوت یاریزانان چەندین هەلی ئاسانی گۆڵتۆماركردنیان لە دەستدا لە بەرانبەردا یانەی قادسیە هەوڵی دەدا بە كەمترین ماندووبوون بگەنە گۆڵی هەولێر، بەڵام ئاست بەرزی یاریزانانی هێڵی بەرگری و گۆڵپارێزی هەولێر بووە رێگر لە بەرەدەم تۆماركردنی گۆڵ، لە خولەكی 46ی گێمی یەكەم یاریزان لوئەی سەڵاح توانی گۆڵێكی جوان بۆ یانەكەی تۆمار بكات و گێمی یەكەمی یارییەكە بە ئەنجامی (1-0) گۆڵ لە بەرژەوەندی هەولێر تەواو بوو.
لە گێمی دووەمی یارییەكەدا یانەی قادسیە هەر زوو توانی بگرێتەوە نێو كەش و هەوای یارییەكە و لە خولەكی 49 یاریزان حەمەد ئەمان گۆڵی بەرانبەر بۆ تیپەكەی تۆمار كرد، بەڵام باشترین یاریزانی یارییەكە محەمەد خالید جەفال زوو وڵامی یانەی قادسیەی دایەوە، كاتێك لە خولەكی 52 بە لێدانێكی بەهێز لە دەرەوەی ناوچەی سزا توانی گۆڵی دووەم و سەركەوتن بۆ یانەكەی تۆمار بكات، هەرچەندە دوای ئەم گۆڵە یانەی قادسیە هەوڵی بەرانبەربوونی دەدا، كەچی یاریزانانی هەولێر بەردەوام بوون لە ئاستی بەرزی و چەندین هەلی ئاسانی گۆڵكردنیان لە دەستدا تا ناوبژیوانی یارییەكە فیكەی تەواوبوونی یارییەكەی لێدا بەسەركەوتنی هەولێر بە ئەنجامی (2-1) گۆڵ، بەم ئەنجامە یانەی هەولێر كۆی خاڵەكانی بۆ 7 خاڵ بەرزكردەوە و لە پلەی سێیەمی كۆمەڵەی سێیەم هات، كەچی یانەی قادسیە كۆی خاڵەكانی لە 10 خاڵ مایەوە و لە پلەی دووەمی كۆمەڵەكە هات.
لەم یارییە یاریزانی یانەی هەولێر محەمەد خالید جفال بە باشترین یاریزانی یارییەكە دەستنیشان كرا.
لە كۆتایی یارییەكەدا كۆنگرەی رۆژنامەنووسی ئەنجامدرا، لە یانەی هەولێر هەریەكە لە عومەر سەلیم بەرێوەبەری تیپ و محەمەد خالید جفال باشترین یاریزانی یارییەكە و بەرپرسی راگەیاندی یانەی هەولێر ئامادەی بوون.
لەم كۆنگرەیە عومەر سەلیم سەبارەت بە یارییەكە گوتی: ئێمە هیوایەكی زۆرمان هەبوو، كە سەركەوین بۆ قۆناغی داهاتوو، بەڵام بەداخەوە لە دوو یاری بەرانبەر یانەی ئاهال تووشی دۆران هاتین لە دەستدانی ئەم 6 خاڵە بووە هۆكاری دەرچوونمان لە پاڵەوانێتیەكە، بۆیە لەم یارییە هەوڵمان دا بە ئەنجامێكی باش بێنە دەرەوە و توانیمان ئەم ئامانجە بە دەستبهێنین.
دواتر محەمەد خالید جفال سەبارەت بە یارییەكە گوتی: سوپاس بۆ خوا ئاستێكی بەرزمان پێشكەش كرد و شایستەی سەركەوتن بووین هەرچەندە ماڵئاوایمان لەم پاڵەوانێتیە كرد، بەڵام هەوڵ دەدەین لە وەرزكانی ئاستێكی باشتر پێشكەش بكەین بۆ ئەوەی بگرێنەوە ركابەریكردن لەم پاڵەوانێتیە.
رێبین رەمزی - كوەێت
Top