خەندە سەدرەدین گۆڵگاری خولی فوتساڵی عێراق: گۆڵكاری خولی عێراقی بۆ من گەورەترین شانازییە
دیمانە: كارزان كانەبی
*چۆن هاتیتە نێو جیهانی وەرزشی؟
- من وەكو هەموو یاریزانێكی تر خولیای زۆرم بۆ یاری تۆپی پێی هەبوو. بۆیە بەردەوام ئەم یارییەم دەكرد و قوتابخانەش قۆناغێكی باش بوو بۆ ئەوەی خۆم لە وەرزش زیاتر نزیك بكەمەوە.
*لە نێو ئەم هەموو یارییە بۆچی تۆپی پێت هەڵبژارد؟
-ئەوەم دەزانی كە دەتوانم لە یاری تۆپی پێی بەهرەی خۆمی لێ بدۆزمەوە، خۆشبەختانەش توانیم لەم یارییە تا رادەیەكی باش سەركەوتوو بم و ببمە یاریزانی یانەیەكی باش كە پاڵەوانیی عێراقە.
* بە شێوەیەكی گشتی كە یاریت لە خولی فوتساڵ كردووە، ئاستەكەی بە چ شێوەیەك دەبینی؟
- ئاستی ئەم یارییە تا رادەیەك باشە و یانەكانیش بە پێی پێویست گرنگیان پێداوە، هەندێك لە یانەكانیش ئاستیان زۆر لە یەكتری نزیكە ئەوەش دەبێتە هۆكارێكی باش كە لە داهاتوو گرنگیی زیاتر بەم یارییە بدرێت، بەڵام دەتوانم بڵێم لە پێشووتر باشتر بووە.
*لە خولی عێراق ئێوە بوونە پاڵەوان، ئاستی ئەم خولە لەسەر عێراق چۆن بوو؟
- خولی عێراق ئاستێكی بەرزی هەبوو، یانەی ئافرەتانی هەولێریش كە بەشداریمان لە خولەكە كرد بۆ بەدەستهێنانی ئەنجام و نازناو چووین، یانەی ئیسكانیش ئاستی وەكو ئێمە بوو، خۆشبەختانەش توانیمان ئەم نازناوە بە ئاڵای كوردستانەوە بهێنینەوە پایتەختی كوردستان.
* بە تۆماركردنی 16گۆڵ بوویتە گۆڵكاری خولی عێراق، هەستت چی بوو ئەوكاتە؟
-بۆ من كاتێكی یەكجار خۆش بوو كە لە نێوان ئەم هەموو یاریزانەی یانەكان من وەكو كچە كوردێك توانیم دوو نازناو بەدەست بهێنم، یەكەمیان بووینە پاڵەوانی عێراق دووەمیش بوومە گۆڵكاری خولەكە، ئەوە بۆمن گەورەترین شانازییە.
* ئایا لە هەڵبژاردەی عێراق داوا كراوی؟
- بەڵێ مەشقیشم لەگەڵ هەڵبژاردە كردووە، بەهیوای ئەوەم بتوانم لەگەڵ ئەوانیش بە ئاست و بە ئەنجام خزمەت بەم یارییە بكەم وەكو كچە كوردێك.
* زۆر كات كچان گرفتیان لە وەرزشكردن بۆ دروست دەبێت تۆ تاكو ئێستا ئەم گرفتەت بۆ دروست بووە؟
- نەخێر، هیچ كات گرفتی لەم شێوەیەم بۆ دروست نەبووە، بگرە ماڵەوە زۆر هاوكارمن ئەوان هۆكار بوون بۆ ئاستبەرزیی من لە یاری فوتساڵ.
* خوێندن نەبۆتە كۆسپ لەبەردەم ورەزش كردنت؟
- من وەكو یاریزانێك كە هاتمە نێو وەرزش رێگەم نەداوە هیچ كاریگەری لەسەر خوێندنم هەبێت و بەپێی پلانەكانم هەردووكیان ئەنجام دەدەم.
* بە چ یاریزانێكی جیهانی و یانەیەك زۆر سەرسامیت؟
- بە كریستیانۆ رۆناڵدۆی پورتوگالی كە زۆر كات حەز دەكەم لاسایی ئەو بكەمەوە لە نێو یاریگە، هاندەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانیشم.
* وەكو كچە یاریزانێك هیوا و ئاواتت لە وەرزش چییە؟
- بەهیوای ئەوەم بتوانم پەرەی زیاتر بە ئاستی خۆم بدەم و لە پاڵەوانێتییەكانی دەرەوەی كوردستان بەشداری بكەم، ناوی كوردستانیش بەرز بكەینەوە.
* حەز دەكەی هەڵبژاردەی كوردستانیش دابمەزرێ و یەكێك بێت لە یاریزانەكانی ئەو هەڵبژاردەیە؟
- ئەوە نەك هیوای من، بەڵكو هیوای هەموو كچە یاریزانێكە، ئێمەش هیوا بۆ ئەوە دەخوازین و یاری بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەكەمان بكەین و ناوی بەرز بكەینەوە.
*ئایا راگەیاندنەكان وەكو پێویست گرنگییان بە وەرزش داوە؟
- تا رادەیەك گرنگییان پێداوە بەهیوای ئەوەشم زیاتر گرنگی بە توانای كچە یاریزانانی كورد بدەن و هانیان بدەن بۆ هێنانیان بۆ ناو وەرزش.
*ئەگەر لە كۆتاییدا شتێكت مابێت؟
-سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەكەم كە هەمیشە گرنگییان بە بەهرەكانی كچە یاریزانانی سەرجەم شارەكانی كوردستان داوە، بەهیوای ئەوەشم زیاتر خزمەتی وەرزش بكرێت و گرنگیی زیاتر بە یاریی فوتساڵ بدرێت.
