ڕاھێنەری زاخۆ ئەرکەکەی بە کۆتایی ھات
دوای ئەوەی ئەم وەرزە یانەی زاخۆ بە فەرمی عەلی ھادی ڕاھێنەری کردە ڕاھێنەری تیپەکە لە شوێنی مەحمەد قەویزی ڕاھێنەربە مەبەستی باشتر کردنی ئاستی یانەی زاخۆ لە خولی نایابی یانەکانی عێراقی، بەڵام یانەی زاخۆ لەسەردەستی ئەم ڕاھێنەرەش نەیتوانی ئەنجامی شایستە بەدەستبھینێت سەرەرای ئەوەی ئەم ڕاھێنەرە چەندین یاریزانی ھێنایە ریزی یانەکەی بۆ سەرکەوتن بۆ خولی بژاردە، بەڵام یانەی زاخۆ تەنیا پلەی شەشەمی ریزبەندی یانەکانی پێبرا، عەلی ھادیش ئەرکی لەگەڵ یانەی زاخۆ بە کۆتایی ھات و زاخۆ ڕاھێنەری نەماوە بۆ سەرپەرشتی کردنی تیپی تۆپی پێی یانەکە، لەبارەی ھۆکاری جێھێشتنی عەلی ھادی ڕاھێنەریش سەربەست عەلی لە راگەیاندنی یانەی زاخۆ راگەیاند گوتی: ئێمە لە دوای کۆتایی ھاتنی خولی نایابی یانەکانی عێراقی ھیچ گرێبەستێکمان لەگەڵ عەلی ھادی ڕاھێنەری یانەکەمان نەماوە چونکە کاری ئەو تا کۆتایی خولەکە بوو، تاکو ئێستاش ئێمە وەکو ئیدارەی یانەی زاخۆ پەیوەندیمان بە ھیچ ڕاھێنەرێک نەکردوە بۆ ئەوەی مەشقی یانەی زاخۆ لە ئەستۆ بگرێت چونکە ئێمە سەرنەکەوتووینە بۆ خولی بژاردە بۆیە ھیچ شتێکمان نەماوە لە خولەکە، بۆیە ئێستا یانەی زاخۆ خاوەنی ھیچ ڕاھێنەرێک نییە .
