قۆناغی پێش كۆتـایی چامپیۆنزلیگ (یۆڤانتس * ریال مەدرید ) (بەرشلۆنە * بایرەن میونشن)

قۆناغی پێش كۆتـایی چامپیۆنزلیگ (یۆڤانتس * ریال مەدرید ) (بەرشلۆنە * بایرەن میونشن)
رۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی داهاتوو یارییەكانی چوونی قۆناغی پێش كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا چامپیۆنزلیگ بەڕێوەدەچێت، چاودێرانی وەرزشی لە ئەوروپا پێیانوایە هەرچواریانە (ریال مەدرید و بەرشلۆنە و بایرەن میونشن و یۆڤانتس) بەهێزترین یانەكانی ئەم وەرزەن و پێشبینی ئەوە دەكەن كە هەردوو یارییەكەی ئەم قۆناغە لە لوتكەی ئاستبەرزی و حەماسەتەوە بێت، خشتەی یارییەكانی قۆناغی پێش كۆتایی بەم شێوەیە دەبێت :
سێشەممە 5/5/2015 كاتژمێر 9.45ی شەو بەكاتی كوردستان
یۆڤانتسی ئیتالی * ریال مەدریدی ئیسپانی لە یاریگەی یۆڤانتس ئەرینا
دوای دووركەوتنەوەی یانەكانی ئیتالیا لە یارییەكانی قۆناغی پێش كۆتایی چامپیۆنزلیگ جارێكی دیكە یانەی خانمە پیرەكە وەك گەنجێك بەدیاركەوتەوە و گەیشتە ئەم قۆناغە، یۆڤانتس هەوڵ دەدات هەموو رێگەكان بەرامبەر كریستیانۆ رۆنالدۆ و هاوڕێكانی دابخات، ئەوەش ئەركێكی زەحمەتە لەبەر ئەوەی ریال مەدرید و راهێنەرە ئیتالیەكەی ئەنشلۆتی شارەزاییەكی تەواوی لە شێوازی یاریكردنی یانەی یۆڤانتس هەیە. ریال مەدرید دەیەوێت ببێتە یەكەم یانە لەدوای ساڵی 1989وە پارێزگاری لە نازناوەكە بكات.
چوارشەممە 6/5/2015 كاتژمێر 9.45ی شەو بە كاتی كوردستان
بەرشلۆنەی ئیسپانی * بایرەن میونشنی ئەڵمانی لەیاریگەی كامپ نو
مێژوو جارێكی دیكە لەنێوان هەردوو یانە دووبارە دەبێتەوە كە پێش دوو وەرز لەگەڵ یەك یارییان كرد و بایرەن بە ئەنجامی هەردوو یاری بە حەوت گۆڵ یارییەكەی بردەوە. بۆیە ئەم یاریە دەرفەتە بۆ میسی و هاوڕێكانی تۆڵەی خۆیان بكەنەوە. ئەم یارییەش تایبەت دەبێت بۆ راهێنەر پیب گواردیۆلا كە بۆیەكەمجار وەك راهێنەر لە بەرامبەر تیپەكەی پێشووی خۆی سەردانی یاریگەی كامپ نو دەكات. پێشبینی دەكرێت یارییەكە زۆر بەهێز بێ، چونكە هەردوو یانە خاوەن كۆمەڵێك یاریزانی لێهاتووی بەتوانان .
لەلایەكی دیكەوە رۆژی پێنج شەممە 7/5/2015 یارییەكانی چوونی قۆناغی پێش كۆتایی یۆروپالیگ ئەنجام دەدرێت لە كاتژمێر 10.05ی شەو بەكاتی كوردستان بەپێی ئەم خشتەی خوارەوە :
ناپۆلی ئیتالی * دینیپرۆی ئۆكرانی لە یاریگای سان پاولۆ
سیڤیلیای ئیسپانی * ڤیۆرەنتینای ئیتالی لە یاریگای رامۆن سانشێز پیزخوان
Top