بەمەبەستی بەشداریكردن لە پاڵەوانێتیی ئەزمیری نێودەوڵەتی لە وڵاتی توركیا بڕیارە لە سەرەتای مانگی 5ی داهاتوو كە دەگاتە رۆژی هەینی شاندی هەڵبژاردەی تێنسی سەرمێزی هەولێر گەشتی وڵاتی توركیا بكات. هەر چەندە ئەم پاڵەوانێتییە ساڵانە بە بەشداریی چەندین یاریزانانی جیهانی بەڕێوە دەچێت، هەڵبژاردەی شاری هەولێریش بە بەشداریی هەشت یاریزانی تەمەن جیاواز بەشدار دەبن و سەرجەم خەرجییان لەسەر گیرفانی خۆیان دەبێت. هەریەك لە یاریزانان (بەختیار بەكر، سەردار عەبدولخالق، سەرمەند درید، محەمەد سەعدوڵڵا، فاروق محەمەد، هاشم رەسوڵ، نەوزاد محەمەد) بەشدارن، كە ساڵی رابردووش لە پاڵەوانێتییەكە ئەنجامی شایستەیان بەدەستهێناوە.لە بارەی بەشداریكردنی هەڵبژاردەی تێنسی هەولێر، سەردار عەبدولخالق یاریزانی هەڵبژاردەی تێنسی هەولێر بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «وەكو هەڵبژاردەی هەولێر دووەم ساڵە لەسەر یەك بەشدار دەبین لەم پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییە، ساڵانی ڕابردووش بەشداربووین و ئەنجامەكانمان وەكو پێویست بووە، ئەمساڵیش بەشدارین و لە سەرەتای مانگی 5 دەچینە وڵاتی توركیا و بەشداریی دەكەین كە ماوەی حەوت رۆژ بەردەوام دەبێت لە ئەزمیری وڵاتی توركیا، ئێمە وەكو شاندی هەڵبژاردەی هەولێر بە بەشداری هەشت یاریزان بەشداری دەكەین، پاڵەوانێتییەكە كراوەیە لەسەر ئاستی جیهانی بەڕێوەدەچێت، چەندین یاریزانانی جیاجیا لە وڵاتان بەشداری تێدا دەكەن، ئێمەش سەرجەم یاریزانان ئامادەكاریی خۆمان كردووەو ئێستاش بەردەوامین لە خۆ تۆكمە كردنمان بۆ بەشداریكردن و سەرجەم خەرجیی پاڵەوانێتییەكە لەسەر ئەركی خۆمان دەبێت وەكو یاریزانان و هیچ شوێنێك هاوكاری نەكردووین وەكو یاریزانان ئێمە پشتمان بە تواناكانی خۆمان بەستووە .»