لە خولی پلە دووەکانی کوردستان ئاکرێ و خەبات و پیشەسازی و کفری خانەقین سەرکەوتنیان تۆمارکرد

لە خولی پلە دووەکانی کوردستان ئاکرێ و خەبات و پیشەسازی و کفری خانەقین سەرکەوتنیان تۆمارکرد
کارزان کانەبی
لە میانی یارییەکانی ھەفتەی دووەمی خولی یانە پلە دووەکانی کوردستان لە چەند یاریگایەکی شارەکانی کوردستان لە ھەردوو کۆمەلەکە ھەشت یاری گرنگ و بەھێز لە نێوان یانەکان بەرێوەچوو، یانەی ئاکرێ لەسەر یاریگای خۆی بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ھاندەرانی وەرزشی میوانداری یانەی بەردەڕەشی کردو لە یارییەکی ئاست بەرزدا یانەی ئاکرێ یارییەکەی بردوە بە ئەنجامی(٢-١)گۆڵ و سێ خاڵی گرنگی بەدەستھێنا، یانەی ئاسۆش لەسەر یاریگای خۆی لە شاری ھەولێر نەیتوانی سەرکەوتن بەدەست بھینێت لە بەرامبەر یانەی شۆریجە و ھەردوو یانە بەبێ گۆڵ یەکسان بوون و خاڵکیان پێبرا، لە دەڤەری گەرمیانیش ھەردوو یانەی کفری و مەخموور ڕووبەرووی یەکتری بوونەوە لەم یارییەشدا یاریزانانی یانەی کفری خاوەن یاریگا توانیان ئاستێکی بەرز پێشکەش بکەن و یارییەکەشیان بە ئەنجامی(٣-١)گۆڵ بردەوە و درێژەیان بە ئەنجامە باشەکان دا، لە شاری ھەولێریش یانەی پیشەسازی لەسەر یاریگای خۆی میوانداری یانەی کەیوانی کەرکوکی کردو لە یارییەکی بەھێزدا کوڕانی پیشەسازی توانیان بە ئاست و بە ئەنجام یارییەکە ببەنەوە بە ئەنجامی(٢-١)گۆڵ و سێ خاڵی گرنگیان بەدەستھێنا، لە شاری خانەقینیش ھەردوو یانەی جیھان و خانەقینی خاوەن یاریگا ڕووبەرووی یەکتری بوونەوە لەم یارییەشدا یاریزانانی خاوەن یاریگا توانیان ئاستێکی بەرز لەبەرامبەر یانەی جیھان پێشکەش بکەن و یارییەکەشیان بە ئەنجامی(٣-٠)گۆڵ بردەوە، لە شاری کەرکوکیش ھەردوو یانەی گازی باکور و ڕانیەی دەروازەی ڕاپەرین ڕووبەرووی یەکتری بوونەوە لە یارییەکی بەھێز و ئاست بەرزدا یانەی گازی باکور بەزەحمەت یارییەکەی بە سوودی خۆی بە کۆتایھێنا بە ئەنجامی(٢-١)گۆڵ یارییەکەی بردەوە، لەپیرمامیش ھەردوو یانەی شەقلاوە و خەبات ڕووبەرووی یەکتری بوونەوە لەم یارییەشدا یاریزانانی یانەی خەبات توانیان ئاستێکی بەرز پێشکەش بکەن و گۆڵبارانی یانەی شەقلاوەیان کردو بە ئەنجامێکی گەورە یارییەکەیان لێبردوە بە ئەنجامی(٥-١)گۆڵ، لە شارەزووریش ھەردوو یانەی سەید سادق و دووز ڕووبەرووی یەکتری بوونەوە لە یارییەکی ئاست بەرزدا ھەردوو یانە بە گۆلێک و بە خالێک یەکسان بوون.
Top