هەرچەندە یانەی شێروانە لە قۆناغی دووەمی خولی نایابی یانەكانی كوردستان ئاستێكی باشی پێشكەش نەكردووە لە یارییەكانی خولەكەدا و چەند یارییەكە ئاستی خۆی لە دەستداوە، بەڵام لەسەر دەستی ئوسامە نوری راهێنەری تیپی تۆپی پێی یانەكە نایەوێ كۆڵ بدات، بۆیە كارگێڕانی یانەكەی گەرمیان، هێشتا ئومێدیان ماوە بۆ دەستەبەركردنی ئەنجامی شایستە لە یارییەكانی داهاتوودا، یانەكەش لە پلەی هەشتەمی ریزبەندی یانەكان و خاوەنی 22خاڵە و ئومێدی ماوە بۆ یارییەكانی داهاتوو، لەم بارەشەوە كۆمار خودادە سكرتێری یانەی وەرزشی شێروانە بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «چەند یارییەكە ئێمە ئاستمان وەكو پێویست نەبووە، ئەمساڵیش خاوەنی نۆ شكستین لە كۆی ئەنجامدانی یارییەكان، بەڵام لە خولەكە تاكو ئێستا بەگشتی ئەنجامەكانمان باشە و هیچ كێشە و گرفتێكمان نییە لە هاندەرانی یانەكەمان رۆژ بە رۆژ زیاتر هانی یانەكەیان دەدەن، ئێمەش دەمانەوێ لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییە بین بۆ دەستبەركردنی ئەنجامی شایستە، هەر چەندە ئێمە راهێنەری تیپەكەمان گۆڕیوە لە قۆناغی یەكەم، بەڵام ئێستاش ئومێدی زۆرمان بە یاریزانانی تیپەكە و دەستەی راهێنەران یانەكە هەیە كە دەتوانین لە یارییەكانی داهاتوودا ئەنجامی شایستە بۆ یانەی شێروانە بەدەستبهێنین»، لە بارەی خولی عێراقیش گوتی: «ئێمە بەرنامەی خۆمان هەیە بۆ سەرجەم خولەكان، بۆیە لە داهاتوودا بڕیار لەسەر چارەنووسی خولی عێراقیش دەدەین و بەرنامەی خۆمان دەبێت بۆ بەشداریكردن، ئەگەر هاوكاریی باشمان هەبێت، دەتوانين ئەنجامی باشتریش بەدەست بهێنین و سوپاسی هەموو لایەك دەكەین و ئومێدی زۆریشمان بەخۆمان هەیە لەم قۆناغەو لە یارییەكانی تر ئاستمان زۆر بەرز دەبێتەوە، خولی كوردستانیش ئەمساڵ جیا لە ساڵان یانەكانی بەشدار بەهێزیی زۆریان بەخۆیەوە بینیوە، سەرەڕای ئەوەش قەیرانی دارایی هەیە، بەرنامەڕێژی باشمان كردوە بۆ ئەوەی ئەم وەرزە بە سەركەوتوویی خولی نایابی یانەكانی كوردستان ببڕین و پلانی باشتریش بۆ داهاتوو دابنێین بە هیممەتی دڵسۆزانی شارەكەمان، پێویستە هەموو لایەك هاوكاری یانەكەی گەرمیان بكات بۆ ئەوەی ئەنجامی گەورەتر بەدەست بهێنين».