كۆڤان حەسەن كوڕە پاڵەوانی كوردی ریزی هەڵبژاردەی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق بۆ یاریزانانی خاوەن پێداویستی تایبەت و خاوەنی ریكۆردی جیهانی لە یارییەكانی هاویشتنی رم و قورسایی، لە دوو پاڵەوانێتیی جیهانی لەسەر ئاستی وڵاتان بەشداری دەكات كە بڕیارە لە هەردوو مانگی 6و 11ی داهاتوو لە وڵاتی فەڕەنسا و قەتەر بەڕێوەبچێت، بۆ ئەم مەبەستەش شاندێكی هەڵبژاردەی گۆڕەپان و مەیدانی عێراقی بەشداری دەكەن لە یارییەكانی خاوەن پێداویستی تایبەت، كۆڤان حەسەن سورچی تاكە یاریزانی كوردی ریزی هەڵبژاردەكە دەبێت كە بەشدار دەبێت لە یارییەكاندا، ئەو یاریزانە خاوەن چەندین ریكۆردی جیهانییە و وەكو كوڕە كوردێك بەشدار دەبێت لە ژێر ناوی عێراق، لە ئێستاشدا لە ئامادەكاریدایە بۆ ئەوەی بەشداری هەر دوو پاڵەوانێتییەكە بكات و بڕیاریشە ئەمڕۆ دووشەممە بۆ ئەنجامدانی كەمپێكی مەشقی لە وڵاتی توركیا یاوەری هەڵبژاردەكەی بكات. لەم بارەشەوە كۆڤان حەسەن بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «ماوەیەكی باشە سەرقاڵی ئامادەكاریم بۆ ئەوەی بتوانم بە شێوەیەكی تۆكمە خۆم ئامادە بكەم بۆ هەر دوو پاڵەوانێتییەكە، ئەمڕۆش بەرەو وڵاتی توركیا بەڕێ دەكەوم بۆ ئامادەكاری زیاتر شان بە شانی یاریزانانی هەڵبژاردەكەمان، بۆیە ئومێدم هەیە لەم پاڵەوانێتییەشدا چەندین ژمارەی پێوانەیی تۆماربكەم بە ناوی خۆمەوە، من لە ئێستادا من هیچ گرفتێكم نییە و رۆژانە خەریكی ئەنجامدانی مەشقەكانم و ئومێدی زۆریشم بەخۆم هەیە كە دەتوانم سەری خۆم و كوردستان و عێراق بەرز بكەمەوە و ژمارەیەكی تری مەدالیای جۆراوجۆر بەدەست بهێنم، رۆژانەش راهێنەرەكەم بە شێوەیەكی چڕ مەشقەكانم لەگەڵ ئەنجام دەدات، هیواداریشم دەزگاكانی راگەیاندن وەكو یاریزانێكی كورد پشتگیریم بكەن.