شێنێ عەزیز: یاریزانی گۆڕەپان و مەیدانی یانەی سیروانی نوێ لەنێو 36هەزار وەرزشوان توانیم پلەی شەشەم بەدەست بهێنم
*لە نێوان ئەم هەموو یارییەدا چۆن بوو بە یاریی گۆڕەپان و مەیدان ئاشنا بوویت؟
- من وەكو هەموو یاریزانێكی دیكە لە رێگەی قوتابخانەكانەوە دواتریش لەلایەن دوو كچە یاریزانی هاوڕێم رووم لە یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان كرد لە ساڵی 2011 تاكو ئێستاش بەردەوامم لە وەرزشكردن و خزمەتی ئەم یارییەش دەكەم.
* ئاستی یاریی گۆڕەپان و مەیدان لەسەرئاستی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی چۆن دەبینی؟
- بە شێوەیەكی گشتی ئەگەر بڵێین زۆر باشە، وانییە چونكە یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان لە ئاستی پێویستدا نییە، بەڵام ئێمە وەكو یاریزانان هەوڵدەدەین بە هیممەتی هەموو لایەك زیاتر ئەم یارییە بەرەو پێش ببەین لە شارەكانی كوردستان ئەوانیش پشتگیریی زیاتری یارییەكە بكەن.
*سلێمانی هەموو كات خاوەن یاریزانانی بەتوانای یاریی گۆڕەپان بووە و كێبڕكێیان لەسەر بەدەستهێنانی ئەنجامی گەورە كردووە، ئایا سلێمانی لە شارەكانی دیكەی كوردستان بۆ ئەو یارییە باشترە؟
- لەشاری سلێمانی یاریی گۆڕەپان و مەیدان لە ئاستێكی زۆر باشدایە، چونكە زۆربەی یاریزانەكان لە سلێمانین، هەر چەندە لە شارەكانی تری كوردستانیش تاڕادەیەك باشە، بەڵام هەر وەكو پێویست نییە و سلێمانی باشترینیانە.
*پێت باشە بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم یارییە لە كوردستان بۆ ئەوەی بگاتە ئاستێكی بەرز دەبێت چی بكرێت؟
- بۆ زیاتر پێشكەوتنی ئەم یارییە لە كوردستان پێویستە لە كاتی پاڵەوانێتییەكان ژمارەیەكی زۆر لە راگەیاندنەكان ئامادەی بن، بۆ ئەوەی زیاتر پشتگیریی یاریزانان و یارییەكە بكرێت، جگە لەوەش پێویستە لەسەر لایەنی بەرپرس زیاتر خول بكاتەوە بۆ ئەوەی یاریزانان بتوانن كێبڕكێ بكەن و ژمارەی پێوانەیی زیاتر بشكێنن، جگە لەمەش پێویستە لەسەر لایەنی بەرپرس یاریگەی تایبەت بەم یارییە بكاتەوە.
* وەكو كچە یاریزانێك باشترین ئەنجامەكانت چی بوون؟
- ئەنجامەكانم زۆر باش بوون و لەسەر ئاستی كوردستان چەندین ژمارەی پێوانەییم بە ناوی خۆم تۆمار كردووە لە راكردنەكانی 800م، 1500م، 3000م، 5000م لەسەر هەر سێ ئاستی تازەپێگەیشتووان و لاوان و پێشكەوتووان، جگە لە راكردنی 800م لەئاستی پێشكەوتووان نەبێت، ئەوانی دیكە هەموو ریكۆردەكانی بە ناوی خۆمن، پەنا بەخوای گەورە هەوڵی زۆر دەدەم و ئامادەكاریی باش دەكەم بۆ ئەوەی ژمارەی پێوانەیی زیاتر بە ناوی خۆم بكەم، لە ماڕاسۆنێكی ماوەدرێژ لە وڵاتی لوبنان لە نێو 36هەزار وەرزشوان توانیم پلەی شەشەم بەدەست بهێنم، لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراقیش لە پاڵەوانێتیی رۆژئاوایی ئاسیا لە وڵاتی ئوردن توانیم بە راكردنی 800م پلەی سێیەم بەدەست بهێنم و وەكو كچە كوردێك مەدالیایەك بهێنمەوە. لە پاڵەوانێتیی عەرەبیش لە وڵاتی میسر بەشداریم كرد.
*لەئێستادا وەكو یاریزانێك بەرنامەت چییە؟
- رۆژانە خۆم بە مەشقكردنەوە سەرقاڵ كردووە، تاكو زیاتر خۆم ئامادە بكەم بۆ ئەمساڵ كە وەكو كچە كوردێك بەشداری لە پاڵەوانێتییەكانی دەرەوەی وڵات بكەم، كە دوو پاڵەوانێتییە و لە تونس و لوبنان بەڕێودەچێت.
*كێشەو گرفتتان لەم یارییەدا چییە؟
- كێشەو گرفتی ئێمە نەبوونی یاریگەیە تاوەكو رۆژانە مەشقەكانی تێدا ئەنجام بدەین
* لە خێزانەكەت هیچ كەسێكتان وەرزشوانە؟
- هیچ كەسێكمان وەرزشكار نین جگە لەخۆم .
*خانەوادەكەت رێگری لە وەرزش كردنت ناكەن؟
- هیچ كات ئەو كارە رووی نەداوە لە خانەوادەكەم، بەڵكو هاندەری بەردەوامی من بوون لە ورەزشكردن و ئەوان بەردەوام هانی منیان داوە و هاوكاری من بوون و دایكی خۆشەویستم بەپلەی یەك دێت لە هاوكاریكردنم.
* هیواو ئاواتت وەكو كچە وەرزشكارێك چییە؟
- هیوادارم ئێمەش وەكو هەڵبژاردەی عێراق رۆژێك لە رۆژان هەڵبژاردەی كوردستانمان هەبێت و بتوانم بە ناوی كوردستان و بە ئازادی ئاڵای وڵاتەكەمان بەرز بكەمەوە و بە هەموو جیهانی بناسێنم و لە پاڵەوانێتییەكی جیهانی بەشداری بكەم.
*یانەی سیروانی نوێ وەكو پێویست هاوكاریتان دەكەن؟
- لێرەوە سوپاسیان دەكەم و دەستەی كارگێڕیی یانەكە بەردەوام هاوكاریی ئێمە بوون لە پشتگیری كردنمان و هیچ كات درێخییان نەكردووە.
* بەچ یاریزانێك سەرسامیت؟
- بە یاریزانی بەناو بانگ یوسین بۆڵت سەرسامم و زۆر حەز دەكەم بگەمە ئاستی ئەو یاریزانە.
*جگە لە یاریی گۆڕەپان و مەیدان چ یارییەكی دی ئەنجام دەدەیت؟
- هیچ یارییەكی دیكە ئەنجام نادەم، بەڵام پێشووتر بۆ ماوەی یەك ساڵ یاریزانی تۆپی پێ بووم، ئێستاش بەردەوامم لە یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان.
*ئەگەر لە كۆتاییدا شتێكت مابێت؟
- زۆر سوپاسی گۆڤاری گوڵانی خۆشەویست دەكەم كە هەمیشە پێشەنگ بوون لە خزمەتكردنی بزاڤی وەرزشی و لە ناساندنی یاریزاناندا كاری بەرچاویان كردووە.
