نەشئەت ئەكرەم بەفەرمی وازی لە یاریكردن هێنا

نەشئەت ئەكرەم بەفەرمی وازی لە یاریكردن هێنا
یاریزانی نێوەدەوڵەتی و یانەی هەولێر نەشئەت ئەكرەم لە ئەكاونتی فەرەمی خۆیدا لە تۆری كۆمەڵاەیەتی فیسبووك بەفەرمی وازهێنانی خۆی لە یاری تۆپی پێی هێنا.
نەشئەت ئەكرەم لە پەیامێكی خۆیدا بۆ جەماوەر گوتی: دەمەوی زۆر سوپاسی هەموو جەماوەر و راهێنەر و ئەو كەسانە بدەم، كە هاوكار و پاڵپشتم بوون بۆ گەیشتن بەم ئاستە و هەروەها زۆر سوپاسی رۆژنامەنووسان و دەزگا راگەیاندنەكان دەكەم، كە هەردەم پاڵپشتم بوون.
لە درێژەی پەیامەكەیدا نەشئەت ئەكرەم هۆكاری واز هێنانی یاری تۆپی پێی باس دەكات و دەڵێت: دوای ماوەیەكی زۆر لە یاریكردن و بە دەستهێنانی چەندین نازناوی گەورە لەسەر ئاستی خولی عێراق و وڵاتانی عەرەبی و هەروەها دەستەكەوتی گەورەتر لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بە پێویستی دەزانم وازهێنانی خۆم لە یاری تۆپی پێی بەیەكجاری رابگەێنم، چونكە دەمەوێت كاتەكانم لەگەڵ خێزانەكەم بەسەر ببم و لەم ماوەیەدا لەگەڵیان بم و هەوڵ دەدەم زیاتر خزمەتی عێراق بكەم لە رێگەی ئەركی راهێنەرایەتی یاخود كارگێری.
نەشئەت ئەكرەم لەم پەیامیدا باسی یانەی هەولێر دەكات و دەڵێت: دەستەی كارگێری یانەی هەولێر لەم ماوەیە، كە یاریم لەگەڵ كردوون هیچ كێشەیەكیان نەبوو و هاوكارم بوون زۆر سوپاسیان دەكەم و سوپاسی هاندەرانی یانەی هەولێر دەكەم و ئومێدەوارم هاندەرانی هەولێر لە پاڵپشتی كردنی یانەكەیان درێغی نەكەن، چونكە ئەم یانەیە یانەیەكی گەورەیە و هەموو لایەك خاوەنی ئەم یانەیە.
هەر لە درێژەی پەیامەكەیدا سوپاسی هاندەرانی شورتە دەكات و سوپاسی خانەوادەكەی دەكات، بەتایبەتی دایكی.
جێگەی باسە نەشئەت ئەكرەم لە وەرزی ئەمساڵدا بۆ سێ یاری لەگەڵ یانەی هەولێر لە جامی یەكێتی ئاسیا یاری كرد، پاشان گەرایەوە دانیمارك و وازهێنانی خۆی راگەیاند.
رێبین رەمزی
Top