ئەمرۆ كوردێك لەگەڵ هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق یاری دەكات

ئەمرۆ كوردێك لەگەڵ هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق یاری دەكات
وا بڕیارە ئەمرۆ سێشەممە كاتژمێر 5ی ئێوارە هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق یارییەكی دۆستانە لەگەڵ كۆنگۆ ئەنجام بدات لە وڵاتی ئیمارات، دوای وەرگرتنی ئەركی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراق لە لایەن راهێنەر ئەكرەم ئەحمەد سەلمان چەندین یاریزان بانگهێشتی ئەم هەڵبژاردەیە كرا، كە تیاییدا دوو یاریزان كوردن ئەوانیش هەریەكە لە هاوبێر مستەفا، كە لە خولی هۆڵەندی یاری دەكات و ئەریان مستەفا لە خولی سوید یاری دەكات.
هاوبێر مستەفا لە هێڵی بەرگری یاری دەكات و لە ریزی هەڵبژاردەی كوردستانیش یاری كردووە.
كەچی ئەمرۆ یاریزان ئەریان مستەفا یەكەم یاری نێودەوڵەتی بە درێسی هەڵبژاردەی عێراق ئەنجام دەدات.
ئاریان مستەفا لە دایكبووی 1994ی سوید لە هێڵی هێرشبەر یاری دەكات و لە یانەی ئەلیفسبۆرگ لە خولی پلە نایابەكانی سوید یاری دەكات بە پێی رۆژنامەكانی سوید ئەم یاریزانە دوا رۆژێكی گەشی هەیە، پێشتر لە ریزی هەڵبژاردەی لاوانی و ئۆڵۆمپی سوید یاری كردووە، بەڵام دواجار بڕیاری كۆتایی خۆی داوە لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق درێژە بە یاری نێودەوڵەتیەكانی بكات.
وا بڕیارە ئەمرۆ یاریزان ئاریان مستەفا بەشێوەیەكی سەرەكی یاری بكات.
رێبین رەمزی
Top