لەگەڵ ئەوەی ئەم وەزرە ئاستی یانەی سەرچنار وەكو پێویست نەبوو لە یارییەكانی خولی یانە پلە یەكەكانی كوردستان، ئەنجامی تیپەكەش رۆژ بە رۆژ بەرەو خراپتر دەڕۆیشت، قەیرانی دارایی یانەكەش بەرۆكی كارگێڕانی یانەكەی بەرنەداوە و یانەكەش بە هۆی ئەم قەیرانە چڕەی دووچاریان هاتووە، پاشەكشەكردنیان پێباشتر بووە لە بەردەوامبوون لە خولی پلە یەك، لەم بارەشەوە ئاسۆ حەسەن سەرۆكی یانەی وەرزشی سەرچنار بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «ئەوەی راستی بێت هۆكاری پاشەكشەكردنمان لە خولی پلە یەكی یانەكانی كوردستان (كە ئێمە یەكەم ساڵمان بووە لە خولەكە) بۆ نەبوونی توانایی دارایی دەگەڕێتەوە، چونكە پارە نەبێت هیچ كارێكمان پێی ناكرێت بۆ بەرەو پێشبردنی وەرزش لە یانەكە، بۆیە بڕیاری ئەوەمان دا كەوا بكشێینەوە باشترە لەوەی بەم بارە خراپە بەردەوام بین، ئێمە پارەیەكی خەیاڵی قەرزارین، لەگەڵ وەزیری رۆشنبیرییش كۆبووینەوە، بڕیار بوو سەرۆكی حكومەت بڕی 50ملیۆن دینارمان پێبدات وەكو یانەكان بۆ هاوكاری، بەڵام ئەوە سێ مانگە چاوەڕێی ئەو پارەیە دەكەین و پارەكە نەهات، ئێمەش بەم بێ پارەییە چۆن بەردەوام بین؟». سەبارەت بە مووچەكانیش ئاسۆ حەسەنی سەرۆكی یانەكە گوتی: «مووچەكانمان دەدەین و نادەین، تێكەڵمان كردووە، هەركات پارەمان لەدەستبووە، ئەوە مووچەی خۆیان وەرگرتووە، ئەگەریش نەبوایە ئەوە قسەییەكی تر بووە، جگە لەوەش ئێمە یاریگەیەكی تایبەت بەخۆمان نییە، چونكە ئەوە موڵكی شارەوانی بووە كە بە ناوی ئێمەش هاتووە، بۆیە لە ناو ئەم هەموو كێشە پاشەكشەمان پێباشتر بوو، دیاریش نییە كەی دەگەڕێینەوە بۆ وەرزشكردن.