عەبدوڵڵا مەحمود بووە كەركووكی
محەمەد خالید بەرپرسی راگەیاندنی یانەی كەركووك لە لێدوانێكی تایبەتدا گوتی: ئەمڕۆ ئێوارە ستافی مەشقی یانەی كەركووك، كە پێكهاتوون لە راهێنەر عیماد قادر و یاریدەدەرەكانی دارەوان قادر و سەواش قادر، دەستیان لەكاركێشایەوە، ئەمەش بەهۆی زنجیرەیەك ئەنجامی خراپی تیپەكە لە خولی نایابی كوردستاندا.
گوتیشی: "راهێنەری ناسراوی كوردستان عەبدوڵڵا مەحمود لە سبەی شەممەوە ئەركی مەشقی یانەكە لە ئەستۆ دەگرێت و تاكو كۆتایی ئەم وەرزە سەرپەرشتیی مەشقی تیپەكە دەكات و یاریزانی پێشووی یانەی كەركووك وەلید محهمهد دەبێتە یاریدەدەری عەبدوڵڵا مەحمود.
بەرپرسی راگەیاندنی یانەی كەركووك ئاماژەی بەوەدا، سەرەڕای دەست لەكاركێشانەوەیان، بەڵام دەستەی كارگێڕیی یانە سوپاس و پێزانین ئاراستەی ستافی مەشقی پێشووی یانەكە دەكات بەهۆی ماندووبوونیان لەگەڵ تیپەكە.
هەروەها ئاشكرایكرد: پێدەچێت لەگەڵ هاتنی عەبدوڵڵا مەحموود بۆ مەشقی یانەی كەركووك، چەند یاریزانێكیش لە رێگەی ئەو راهێنەرەوە پەیوەندی بە یانەكەوە بكەن.
رێبین رەمزی
