چواره‌مین خولی راپه‌ڕین به‌كۆتایی هات و چیا بۆ جاری دووه‌م بووه پاڵه‌وان
ده‌ستپێكی كه‌رنه‌ڤاڵه‌كه به خوێندنه‌وه‌ی سرودی نیشتمانی كوردستان ( ئه‌ی ره‌قیب) و دره‌وشانه‌وه‌ی ئاڵای كوردستان بوو ، دواتر به‌ر له ده‌ستپێكردنی یارییه‌كه ئاماده‌بووان و یاریزانان خوله‌كێك بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی كوردستان وه‌ستان و رێز له پێشمه‌رگه نرا ، پاشان به فیكه‌ی ناوبژیوان یارییه‌كه ده‌ستیپێكرد ، به‌گشتی یارییه‌كه به ئاستێكی ناوه‌ند بینرا هه‌ردوو تیپ به نۆره هێرشیان ده‌برد بۆ سه‌ر گۆڵی یه‌كتر ، به‌ڵام كوڕانی گه‌رمیان هێرشه‌كانیان مه‌ترسیدار تربوون ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا تۆڕی هه‌ردوو تیپ تا كۆتایی هاتنی یارییه‌كه‌یش به پاكی مایه‌وه و كاتی یاسایی یارییه‌كه 0-0 به‌كۆتایی هات ، له لێدانه‌كانی یه‌كلایی كه‌ره‌وه له خاڵی سزا تیپی چیا پاڵه‌وانی سلێمانی توانی له‌شه‌ش لێدان چواریان گۆڵ بكات ، له‌به‌رانبه‌ردا تیپی گه‌رمیان سێ گۆڵی تۆماركرد ، به‌م ئه‌نجامه‌ش كوڕانی سلێمانی یارییه‌كه‌یان له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌كۆتایی هێنا و بۆ جاری دووه‌م له‌ماوه‌ی چوار وه‌شانی خولی راپه‌ڕین جامه‌كه به‌رزبكه‌نه‌وه دوای ئه‌وه‌ی له ساڵی 2013 بۆ یه‌كه‌مجار بوونه پاڵه‌وان .
دوابه‌دوای یارییه‌كه سه‌ره‌تا ناوبژیوانانی یارییه‌كه خه‌ڵاتكران دواتر كوڕانی گه‌رمیان كه بوونه خاوه‌نی پله‌ی دووه‌م میدالیای زیوینیان له‌ملكرا ، پێش ئه‌وه‌ی كوڕانی سلێمانی مێدالیای ئاڵتون ـیان له مل بكرێت و دواتریش له لایه‌ن ئیدریس نێچیرڤان بارزانی جامی پاڵه‌وانیه‌ته‌كه به‌خشرایه تیپی سلێمانی .
جێی ئاماژه‌یه له‌نێوان گێمه‌كانی یارییه‌كه گۆرانیبێژی لاوی كوردستان (عه‌ممار كوفی) به چه‌ند گۆرانیه‌ك كه‌رنه‌ڤاڵه‌كه‌ی رازانده‌وه و له‌لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌وه پێشوازییه‌كی گه‌وره‌ی لێكرا .
پاشان دوای ته‌واوبوونی یارییه‌كه نمایشی ماتۆرسكیل له‌لایه‌ن سێ شوفێری ماتۆرسكیلی به‌ریتانی و نه‌رویجی ده‌ستیپێكرد و بوونه جێی سه‌رنجی ئاماده‌بووان و خۆشیان به خشی به هه‌مووان ، به چه‌ندین جولانه‌وه‌ی جیهانی و سه‌یر و سه‌مه‌ره ، له درێژه‌ی چالاكیه‌كانی كه‌رنه‌ڤاڵه‌كه هونه‌رمه‌ندی راپی ئه‌مێریكی Nelly به‌چه‌ند كارێكی هونه‌ری و گۆرانی راپ به‌رده‌وامی به كه‌رنه‌ڤاڵه‌كه‌دا تا دواساته‌كان و پاشان كۆتایی به كه‌رنه‌ڤاڵ و رێوره‌سمی چواره‌مین خولی راپه‌رین هات .
بۆ وه‌بیرهێنانه‌وه خولی راپه‌رین بۆ ساڵی چواره‌میه‌تی دێته ئه‌نجامدان كه خاوه‌ن بیرۆكه و سه‌رپه‌رشتی كردنی خوله‌كه له لایه‌ن ده‌زگای ( روانگه)ی خێرخوازی نێوده‌وڵه‌تیه ، ئامانجی ده‌زگای ڕوانگه له خولی وه‌رزشیی ڕاپه‌ڕیندا هاندانی گه‌نجانی وه‌رزشوانی تیپه میلییه‌كانه بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر په‌ره به‌خۆیان بده‌ن و بتوانن له ڕێگه‌ی وه‌رزشه‌كه‌یانه‌وه خزمه‌تی وڵاته‌كه‌یان بكه‌ن ، هه‌روه‌ها داهاتی كۆنسێرته‌كه‌ش بۆ خانه‌واده‌ی ئه‌و پێشمه‌رگانه ته‌رخان ده‌كرێت كه له شه‌ڕی دژ به داعشدا شه‌هید بوون .
له‌مساڵیشدا 52 تیپ له كوردستان له شاره‌كانی هه‌ڵه‌بجه و هه‌ولێر و سلێمانی و كه‌ركوك و دهۆك و ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان و سۆران و رانیه و رواندز و شه‌قڵاوه تێیدا به‌شداربوون ، له‌قۆناخی كۆتاییه‌كان شه‌ش تیپ نوێنه‌رایه‌تی شاره‌كانیان كرد .
لە ماڵپەری یاریگە وەرگیراوە
