لە جامی یەکێتی ئاسیا سەڕەرای ئەنجامە خراپەکانیان لە خولی عێراق ، ھەولێرییەکان ئامادەن بۆ رووبەرووبونەوەی قادسیە

لە جامی یەکێتی ئاسیا سەڕەرای ئەنجامە خراپەکانیان لە خولی عێراق ، ھەولێرییەکان ئامادەن بۆ رووبەرووبونەوەی قادسیە
کارزان کانەبی
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممەلەکاتژمێر٦ی ئێوارە یانەی ھەولێر لە دەوحەی پایتەختی قەتەر لە یارییەکی بەھێزدا ڕووبەرووی یانەی قادسیەی کوێتی پاڵەوانی جامی ئاسیای ساڵی ڕابردوو ببێتەوە، بۆ ئەم یارییەش یاریزانانی یانەی ھەولێر ئامادەکارییەکی باشیان کردوە بۆ ئەوەی بتوانن سێ خاڵی یارییەکە بەدەستبھێنین ھەرچەندە یانەی ھەولێر لە خولی نایابی عێراقی ئاستی وەکو پێوست نییە بەڵام ھەولێرییەکان بە گەش بینینەوە دەڕواننە ئەم یارییە چونکە لەیاری یەکەم ئەنجامیان باش بووە.
ھەولێر ئامادەکاری باشە و ھەمووئامادەن
عومەر سەلیم سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی وەرزشی ھەولێر گوتی: ئامادەکارییەکانمان زۆر باشە و دەمانەوێ ئەنجامێکی باش بەدەستبھێنین، بەڵام یانەی قادسیەش یانەیەکی بەھێزە و زیاتر لە حەفت یاریزانی لە ریزی ھەڵبژاردی کویت یاری دەکەن دەبێت ئێمەش حیسابێکی تەواو بۆ ئەوان بکەین بۆ ئەوەی بتوانین ئەنجامی باش بەدەست بھێنین، گوتیشی" ھەر چەندە لە خولی عێراق بارودۆخمان خراپە بەڵام ناھێلین کار بکاتە سەرە ئاستی یاریزانانمان سەرجەم یاریزانانیش بۆ ئەم یارییە گرنگە ئامادەن، جگە لەوەش ئێمە کێشەی دارایمان ھەیە و ماوەیەکی زۆرە پێوەی دەنالێنن.
یاری کردنی یونس مەحمود نادیارە
عومەر سەلیم لەبارەی یاری کردنی یونس مەحمودی ھێرشبەری یانەکە گوتی: تاکو ئێستا چارەنووسی ھێرشبەری یانەکەمان یونس مەحمود دیار نییە کە یاری دەکات یاخود نا چونکە کێشەی دارایی ھەبووە لەگەڵ یانەکەی پێشووی لە سعودییە ، یونس پێش ئێمەش سەفەری کردوە بەھیوای ئەوەی بچێتە قەتەر بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی بۆیە یاری کردنی دیار نابێت.
ھەولێر بۆ سەرکەوتن یاری دەکات
میران خەسرۆ یاریزانی یانەی وەرزشی ھەولێر گوتی: ئێمە رۆژانە ئامادەکارییەکانمان وەکو پێیوست بووە و ھیچ گرفتێکمان نییە لە ریزی یانەی ھەولێر ئێمەش بە ئومێدی بەدەستھێنانی سەرکەوتن یاری دەکەین ، ھەرچەندە یانەی قادسیەش یانەیەکی بەھێزە، لەبارەی ئاست خراپیشی لە خولی عێراق میران گوتی" یاری کردن لە نێوان خولی عێراق و جامی ئاسیا زۆر جیاوازە لەگشت روویەکەوە لە یاریگاو شێوازی یاری کردن و تەکنیک ئێمە بە ئومێدەوە دەڕوانینە ئەم یارییە گرنگە.
یارییەکی گرنگە بۆھەردوولامان
سەعد عەبدوللا ئەمیر یاریزانی یانەی ھەولێر لە بارەی یارییەکەوە گوتی: یارییەکە بۆ ئێمە گرنگی خۆی ھەیە بەتایبەتی لە یاریگای خۆمان و ھەردوو یانەش بەھێزن و ئێمەش گرفتمان نییە و بۆ سەرکەوتن ڕووبەرووی قادسیە دەبینەوە پەنا بەخوا سێ خاڵی یارییەکە بۆ ئێمە دەبێت.
Top