لەگەڵ ئەوەی قەیرانی دارایی سەرجەم جومگەکانی ھەرێمی کوردستانی گرتووە و ھەموویان بەدەست ئەم بارودۆخە خراپەوە دەناڵێنن، وەرزشیش بۆتە بەشێکی گرنگ کە بەم ھۆیەوە تووشی قەیرانی گەورە بووە. یانەی ھەڵۆی بارزان کە تاکە یانەی ئەو دەڤەرەیە سەرەڕای ئەوەی ئاستی وەکو پێویست نییە لە یارییەکانی ئەم وەزری خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان، بەڵام یانەکە بەھۆی ئەم قەیرانە داراییە باری یانەکەی زیاتر خراپ کردووە، ھەر بەم ھۆیەشەوە مووچەی دوومانگی سەرجەم یاریزانانی یانەکەی نەداوە، ئەوەش رۆژ لە دوای رۆژ باری یانەکە بەرەو خراپی دەچێت، لەم بارەشەوە ئەحمەد خەلیل سەرۆکی یانەی وەرزشی ھەڵۆ بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: "باری یانەکەمان زۆر خراپ بووە رۆژ بە رۆژ قەرزی زیاترمان لەسەر کەڵەکە دەبێت و توانای ئەوەمان نییە ھیچیان بۆ دابین بکەین، لە ئێستادا بڕی ٣٢ملیۆن دیناری مووچەی دوو مانگی یاریزانانی خۆمانمان نەداوە، ئەوەش کاریگەری دەبێت لەسەر یاریزانان کە نەتوانین مووچەکانیان دابین بکەین، لە ئێستاشدا نازانین چ بکەین بۆ ئەوەی ئەو بڕە پارەیە دابین بکەین و لەگەڵ ئەوەشدا بڕە پارەیەکی زۆرمان لە ماڵەوە ھێناوە بۆ یانەکەمان سەرف کردووە، ئەگەر بارودۆخ بەم شێوەیەش بەردەوامبێت، ئێمە ناتوانین داببڕێین لە خولی پلە یەکی کوردستان و بەردەوام دەبین تاوەکو بتوانین رێگە چارەسەرێکی گونجاو بۆ یانەکەمان بدۆزینەوە.