لەگەڵ ئەوەی یانەی کەرکووک ماوەی دووساڵە تووشی گرفتێکی دارایی سەخت بووە، بەڵام ھیچ لایەنێک و بەرپرسێک خۆی لە یانەکە ناکاتە خاوەن، یانەکە لە ژێر قەرزێکی زۆر گوزەر دەکات و رۆژ لە دوای رۆژیش قەرزی یانەی کەرکووک لە زۆربووندایە، بۆیە دەستەی کارگێڕیی یانەکە ناتوانێ بەم شێوەیە بەردەوام بێت و بە فەرمی بڕیاری دا بە راگرتنی سەرجەم چالاکییە جۆراوجۆرەکانی یانەکە، لەم بارەشەوە موراد بەزاز لە راگەیاندنی یانەی وەرزشیی کەرکووک بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: "بە بڕیاری دەستەی کارگێڕیی یانەکەمان بڕیاری ئەوەمان داوە کە سەرجەم چالاکییە وەرزشییەکانمان رابگرین بۆ ئەوەی لە کاتێکی داھاتوو بتوانین دەست بە چالاکییەکانمان بکەینەوە، باری دارایی یانەکەمان رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبێت و ھیچ کەس و لایەنێک ھاوکاری یانەی کەرکووک ناکات، بۆیە ئێمە بڕیاری پاشەکشەمان دا لەسەرجەم یارییە وەرزشییەکانی یانەکە و تاکو ئێستاش بڕیاری ئەوەمان نەداوە کە چ رۆژێک دەست بە چالاکییەکانمان دەکەینەوە، لە ئێستاشدا وەرزشکردن بە پارە بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئێمە ماوەیەکی زۆرە لە چاوەڕوانی ئەوەداین کەوا کەسێک ھاوکاریمان بکات، ئێستاش بارودۆخی یانەکان ھەمووی وەکو یەک خراپە و یاریزانانیش داوای بڕی پارەکانی خۆیان و مووچەکانیان دەکەن، ئێمەش تاکو ئێستا نەمانتوانیوە ئەم بڕە پارەیەی ئەوان دابین بکەین".
جێگەی ئاماژە پێکردنە یانەی کەرکووک لە ئێستادا لەسەر ئاستی شارەکەشی لەلایەن ئیدارەی پارَیزگاری کەرکووک و حکومەتی ناوەندیی عێراقی ھاوکاری نەکراوە، حکومەتی ھەرێمیش بەھۆی کێشەکانی لەگەڵ حکومەتی ناوەند نەیتوانیوە وەکو پێویست ھاوکاری یانە و دامەزراوە وەرزشییەکان بکات، بۆیە لە ئێستادا یانەکە لە ھەلێک دەگەڕێت بۆ ئەوەی ھاوکاری بکات و نێو کێبڕکێیەکان بگەڕێتەوە.