كۆڤان حەسەن: ریكۆردێكی جیهانیم شكاند و ئاڵای كوردستانم بەرز كردەوە

كۆڤان حەسەن: ریكۆردێكی جیهانیم  شكاند و ئاڵای كوردستانم  بەرز كردەوە
كۆڤان حەسەن یەكێكە لە یاریزانە هەرە بەتواناكانی یاریی گۆڕەپان ومەیدان بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت، ئەو یاریزانە لەدایكبووی ساڵی 1988ی قەزای (ئاكرێ)ی سەر بە پارێزگای دهۆكە و یاریزانی هەڵبژاردەی گۆڕەپان ومەیدانی عێراقە بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت، تاكو ئێستا چەندین ژمارەی پێوانەیی تۆماركردووە لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق و یانەكانی كوردستان و خاوەنی زۆرترین ملوانكەی زێڕە لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان لە دوایین پاڵەوانێتیش لە وڵاتی ئیمارات توانی شەش مەدالیا بەدەستبهێنێت كە پێنجیان زێڕ بووە، جگە لەمە ژمارەیەكی پێوانەیی جیهانی بە ناوی خۆی تۆمار كرد، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی كرد كە بەمشێوەیە وەڵامی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: كارزان كانەبی

* لە پاڵەوانیتیی فەزاعی نێودەوڵەتی كە لە شاری دوبەی لە ئیمارات بەڕێوە چوو، شەش مەدالیات بەدەست هێنا، وردەكاری زیاتر چیت هەیە بۆ خوێنەرانی بەشی وەرزشی گوڵان باسی بكەیت؟
- پاڵەوانێتیی فەزاعی نێودەوڵەتی لە وڵاتی ئیمارات بەڕێوە چوو لەسەر ئاستی جیهان 48 وڵات بەشداربوون، ركابەرییەكی بەهێز هەبوو لە نێوان یاریزانانی بەشداربوو لە پاڵەوانێتییەكە، من لە سێ یاری بەشداربووم لە هاویشتنی قورسایی و دیسك و هاویشتنی رم، خۆشبەختانە توانیم ئاستێكی بەرز پێشكەش بكەم و پێنج مەدالیای زێڕ و یەكێكی زیوم بەدەستهێنا، لە هەردوو پاڵەوانێتیی فەزاع و ئەبو زەبی و شاریقە بەشداربووم و ریكۆردێكی جیهانیم بە ناوی خۆم تۆماركرد.
*ئاستی یاریی گۆڕەپان و مەیدانی خاوەن پێداویستیی تایبەت چۆن دەبینی؟
- ئاستی ئەم یارییە باشە، بەڵام لەگەڵ ئەوەم كە بەردەوام خزمەتی ئەم یارییە بكرێت، چونكە بۆ یاریزانانی خاوەن پێداویستیی تایبەت چی بكرێت، كەمە، بۆیە بە هیوام هەموو لایەك خزمەتی كەم ئەندامان بكەن.
* چی بكرێت باشە بۆخاوەن پێداویستی تایبەت تاكو یارییەكەیان پێشبكەوێت؟
- یاریگەی تایبەت بكرێتەوە بە یاریزانانی خاوەن پێداویستی تایبەت و پاڵەوانێتیی بەردەوامیان بۆ بكرێتەوە بۆ ئەوەی هەر هیچ نەبێت لە خەمەكانیان كەم بكرێتەوە بە ئەنجامدانی پاڵەوانێتییەش كە زۆر پێویستە، یاریزانان دەتوانن تواناكانی خۆیان دەربخەن .
*كێشە و گرفتتان وەكو یاریزانانی خاوەن پێداویستی چییە ؟
- گرفتی كەمئەندامان یەكجار زۆرە وەكو یاریزانانیش نەبوونی یاریگەی تایبەت گەورەترین كێشەیە بە گەشە كردنی ئاستی توانایان، دابینكردنی مووچەی شایستە ئەوانە هەمووی كێشەن بۆ وەرزشكارە كەمئەندامەكان.
*لە زۆر پاڵەوانێتی بەشداریت كردووە، تا چەند لە ئەنجامەكانت رازیت؟
- بەشداری پاڵەوانێتیی زۆرم كردووە لە وڵاتانی نیوزلەندا و توركیا و ئیمارات و چین و كۆریا و تونس و عەمان و لەندەن خاوەنی ژمارەیەكی زۆری مەدالیای زێڕو زیو و برۆنزیم و چەندین ژمارەی پێوانەییشم بەدەستهێناوە.
*تاكو ئێستا ژمارەی پێوانەیی لە هاویشتنی رم بەناوی تۆیە لەسەر ئاستی جیهان؟
- بەڵێ بە ناوی خۆمە كە توانیم ریكۆردی جیهانی بشكێنم بە هاویشتنی 42،61م كە ئەوەش دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ من.
* لە پاڵەوانێتیی وڵاتی دوبەی ناوی پێشمەگەرت لەسەر دەستت نووسیبوو مەبەستت چی بوو؟
- بەڵێ بە شانازییەوە ناوی پێشمەرگەم نووسیبوو بەرامبەر ئەو فیداكارییەی كە لەشەڕەكان دژی تیرۆریستان ئەنجامی دەدات كە بۆتە جێگەی شانازیی هەموو لایەك منیش بۆ پشتگیریی ئەوان ئەو كارەم لەسەر جەستەم كرد.
* ئایا ئاڵای كوردستانت لەم پاڵەوانێتییە وەكو یاریزانی كورد بەرز كردەوە؟
- بەڵێ بە شانازییەوە ئاڵای كوردستانم بەرز كردەوە.
*داواكاری و پێشنیارت چییە بۆلایەنی بەرپرس بۆئەوەی زیاتر گرنگی بە یارییەكەتان بدرێت؟
- داوا لە هەموو لایەكی پەیوەندیدار دەكەم بۆ هاوكاری كردنی یاریزانانی خاوەن پێداویستی تایبەت، چونكە ئێمەش چینێكی گرنگی كۆمەڵگەین لە كوردستان جێگەی خۆیەتی لە هەموو روویەكەوە هاوكاری بكرێین.
* تۆ تاكە یاریزانی كوردی لە هەڵبژاردەی عێراق، ئایا دژایەتیت ناكەن؟
- نەخێر، تاكو ئێستا كاری لەم جۆرەم دەرهەق نەكراوە، بە شانازییەوە دەڵێم كوردم و كوردستانیم گرنگ ئەوەیە توانیومە ناوی كوردستان و عێراق بەرز بكەمەوە.
*دەڵێن ژمارەیەكی زۆری یانەكان داوای یاریكردنیان لێ كردی؟
- بەڵی زۆر یانە داوایان كردووم لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراقیش، ئەوەش بۆمن بۆتە جێگەی شانازی كە بتوانم سەرنجی هەموو لایەك بۆخۆم رابكێشم.
* وەكو كوڕە كوردێك هیواو ئاواتت چییە ؟
- بەهیوای ئەوەم وەكو یاریزانێكی كورد بە ئاڵای كوردستان و بە ناوی كوردستان لە پاڵەوانێتییەك لە دەرەوەی وڵات بەشداری بكەم.
*وەكو پێویست كە پاڵەوانێكی جیهانیت ئایا هاوكاریت كراوە؟
-بەڵێ بەپێی پێویست هاوكاری كراوم.
* وەكو یاریزانێكی كورد بەشداریی ئۆلۆمپیاتی بەڕازیل دەكەی؟
- بەڵێ وەكو یاریزانێكی كورد پەنا بەخوا لە پاڵەوانێتیی بەڕازیلی ساڵی 2016 بەشداردەبم و هیوادارم بتوانم ئەنجامی گەورەش بەدەستبهێنم.
*بەرنامەت بۆداهاتووی خۆت چییە؟
- بەرنامەی زۆرم هەیە بۆ بەشداریكردن لە پاڵەوانێتیی زیاتر بەتایبەتی لە وڵاتی قەتەر كە ئێستا خۆمی بۆ ئامادە دەكەم.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتاییدا باسی بكە؟
- سوپاس بۆ لێژنەی پاڕائۆڵۆمپی هەرێمی كوردستان و مامۆستا رەعد عەبدوڵڵا وەكو راهێنەری خۆم و كۆمەڵەی كورتەباڵاكانی كوردستان كە خەمخۆر و هاندەرم بوون، گلەیی زۆریشم هەیە لە دەزگاكانی راگەیاندنه كە من لە كاتی هاتنەوەم تەنیا یەك كەناڵ ئامادە نەبوو لەم هەموو كەناڵە راگەیاندنانە، سوپاسیش بۆ گۆڤاری گوڵانی خۆشەویست.
Top