راپۆرتە رۆژنامەییەكان بڵاویانكردەوە یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی نزیكترین یانەیە كە بتوانێت سەركەوتوو بێت لە بەدەستهێنانی تواناكانی یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی یۆڤنتۆسی ئیتاڵی و هەڵبژاردەی فەرەنسا پول پوگبا لە وەرزی گواستنەوەی هاوینە دوای بە كۆتا هاتنی وەرزی ئێستا. لەمبارەیەوە رۆژنامەی مترۆی ئینگلیزی ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە ئەو یاریزانە فەرەنسیە بە باشی دەزانێت بچێتە ریزی یانەی تۆپ هاوێژەكان، بەڵام ئەركی كارگێڕی یانەی ئەرسناڵیش ئاسان نابێت، چونكە بەرپرسانی یانەی خانمەپیرەكە وا بەئاسانی دەستبەرداری پول پوگبا نابن و بە كەمتر لە 70 ملیۆن پاوەند رازی نابن. رۆژنامەی ناوبراو دووپاتیكردۆتەوە پول پوگبا ئارەزوو دەكات لە كۆتایی وەرزی ئەمساڵ خولی كالچیۆ جێبێڵێت.
شایەنی وتنە ژمارەیەكی زۆر لە یانە بەناوبانگەكانی وەك مانچستەر ستی ئینگلیزی و ریال مەدریدی ئیسپانی بەهێزەوە ئارەزوو دەكەن ئەو یاریزانە ببەنە ریزەكانیان. لەلای خۆیەوە ئارسین فینگەر بەڕێوەبەری هونەری ئەرسناڵ بۆ پتەوكردنی هێڵی ناوەڕاستی تیپەكەی دەیەوێت ئەو یاریزانە بباتە یانەكەی بەتایبەت دوای ئەوەی ژمارەیەكی زۆری یاریزانەكانی دووچاری پێكان هاتوون لەوانە ئارون رامسی و جاك ویلشێر ڤاسیریك ئەبو دیابی.