بەمەبەستی زیاتر گرنگیدان بەتواناكانی وەرزشكارە قوتابییەكان لە نێوەندەكانی خوێندن و بەرەوپێشبردنی زیاتری وەرزشی یاریی تۆپی پێ لە پەروەردە گشتییەكانی سەر ئاستی هەرێمی كوردستان، وەكو نەریتی ساڵانەی كۆمپانیای كۆكاكۆلا بە هاوكاریی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزش و هونەر لە وەزارەتی پەروەردە ئەمساڵیش بە بەشداریی زیاتر لە 800تیپ و 3200 قوتابی لە هەریەك لە پەروەردە گشتییەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و گەرمیان و كەركووك پاڵەوانێتیی كۆكاكۆلای بۆ قوتابخانەكانی دەست پێكردووە، لە هەر پەروەردەیەكی گشتی تیپەكان لە نێوان خۆیان لە سەنتەری شارەكانی یارییەكانیان ئەنجام دەدەن و پاڵەوانی شارەكەش بەشداریی یارییەكانی كۆتایی لەسەر ئاستی پەروەردەكان دەكات، لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێریش لە سنووری هەردوو پەروەردەی ناوەند و دەوروبەری هەولێر 100تیپ بەشداریی یارییەكان دەكەن، كە دابەشكراون بەسەر 10گروپ و لە هەر گروپێكیش یەك تیپ سەردەكەوێت و دواتریش یاری لەگەڵ یەكتری دەكەن و یەك تیپ دەبێتە نوێنەری شاری هەولێر، حەكیم كانەبی بەڕێوەبەری چالاكیی وەرزشی و دیدەوانی لە پەروەردەی گشتی هەولێر بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «كردنەوەی ئەم خولانە گرنگیی خۆی دەبێت بۆ قوتابیان، چونكە ئێمە ئەمساڵ نەمانتوانیوە بەهۆی ئەو قەیرانە داراییە پاڵەوانێتیی زۆر بكەینەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەرنامەیەكی باشمان بۆ بەڕێوەبردنی یارییەكانی سنووری بەرێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر داناوە».