هەرچەندە یانەی كەركووك لەم وەزری خولی نایابی یانەكانی كوردستان نەیتوانیوە ئەنجامێكی شایستە بەدەستبهێنێت و لە كۆی ئەنجامدانی چواردە هەفتە لە یارییەكانی خولەكە، یانەكە تەنیا توانیویەتی 9خاڵ كۆبكاتەوە لە 9یاریشدا دووچاری دۆڕان هاتووە و ئەگەر ئەنجامەكانی بەمشێوەیە خراپ بێت، پێشبینیی ئەوەی لێ دەكرێت دابەزێت بۆ خولی پلە یەكەكان، هۆكاری ئەنجامی خراپی ئاستی یانەكەش بۆ نەبوونی توانای دارایی دەگەڕێتەوە كە نزیكەی 110رۆژە یاریزانانی یانەكە هیچ مووچەیەكیان وەرنەگرتووە جگە لە بڕی گرێبەستەكانیش، لەوبارەشەوە سیروان نەجمەدین ئەندامی دەستەی كارگێڕیی یانەكە بەم شێوەیە هۆكاری ئەنجامە خراپەكانی بۆ گۆڤاری گوڵان ئاشكرای كردو گوتی: «ئەم وەرزە نەمانتوانیوە ئاستی تیپەكەمان بەشێوەیەكی باش بەڕێوەببەین لە رووی دابینكردنی پارەوە، ئێمە هەرچەندە هەوڵی زۆرمانداوە كە بتوانین بە هەر جۆرێك بێت بڕە پارەیەك دابین بكەین بۆ ئەوەی هەرچی نەبێت مووچەكانیان دیاری بكەین كە نەتوانین بڕی گرێبەستەكانیان دابین بكەین، بەڵام ئەو دۆخە خراپەی دارایی كە بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە، كاریگەری زۆری لەسەر ئێمە و یانەكانی دیكەی كوردستان دروستكردووە، ئێمە لە زۆر دەرگامان داوە بەڵام هیچ كەسێك هاوكاری نەكردووین و ئێستا چاومان تەنیا لە دەستی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ ئەوەی هاوكاریمان بكات، یایزانەكانمان نزیكەی 110 رۆژە مووچەكانیان وەرنەگرتووە و داوای دەكەن، ئێمەش تەنیا بە قسە ئەوانمان راگرتووە».