لەگەڵ ئەوەی یانەی دهۆك لە هەردوو خولی نایابی كوردستان و عێراق ئەنجامەكانی وەكو پێویستە، بەڵام یاریزانانیش داوای ئەو بڕە گرێبەستانەیان دەكەن كە ماوەیەكە لە چاوەڕوانی ئەوەن بۆ ئەوەی درێژە بدەن بە ئەنجامە باشەكانیان، دەستەی كارگێڕیی یانەكەش لە رێگەی پارێزگای دهۆكەوە دوو نووسراویان داواتە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی بەشێك لە بڕی گرێبەستەكانی یاریزانانی تیپەكەیان دابین بكات، بەڵام تاكو ئێستا بە فەرمی هیچ هەواڵێكی دڵخۆشكەریان بەدەست نەگەیشتووە، لەبارەی دابینكردنی بڕی گرێبەستەكانیش محەمەد عەلی لە ڕاگەیاندنی یانەی دهۆك بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «ئێمە ئەم وەرزە بە بارودۆخێكی خراپی دارایی گوزەر دەكەین بەهۆی ئەو بارودۆخەی بەسەر هەرێمی كوردستاندا هاتووە، ئێمەش ئەمساڵ نەمانتوانیوە هیچ بڕە پارەیەك بۆ یاریزانانی خۆمان دابین بكەین وەكو گرێبەست و بڕی زیاتر لە 4ملیار و 800ملیۆن دیناریش قەرزارین و رۆژ بە رۆژ رێژەی قەرزەكانمان لەسەر كەڵەكە دەبێت و یاریزانانی یانەكەشمان داوای بڕی گرێبەستەكانیان دەكەن، ئێمەش بە فەرمی بە دوو نووسراومان ئاراستەی پارێزگای دهۆك كردووە بۆ ئەوەی هەرچی نەبێت بتوانین بڕە پارەیەك دابین بكەین بۆ 20%ی بڕی گرێبەستی یاریزانان، ئەوان بەمەش ڕازین تەنیا بۆ ئەوەی یانەكە بەڕێوەبچێت و گرێبەستەكانی تریش لە دوای كۆتاییهاتنی یارییەكانی ئەم وەرزەش تەواوی بڕی گرێبەستەكانیان دەوێت، بۆیە تاكو ئێستاش ئێمە هیچ بڕە پارەیەكەمان دەست نەكەوتووە و لە دوای ئەوەی ئەم ماوەیەش ئەگەر هیچ موژدەیەكی دڵخۆشكەرمان بەدەست نەگات، ئەوكات دەستەی كارگێڕیی یانەكەمان كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات و بڕیار لەسەر چارەنووسی تیپەكە دەدات، چونكە بەڕێوەبردنی تیپێكی وا گەورە لە دوو خول بەم بێ پارەییە نابێت و یاریزانانی تیپەكەمان داوای مافی ئاسایی خۆیان دەكەن، ئێمەش نیمانە پێیان بدەین.