ڤیولیت یوخەننا یاریزانی تۆپی بالەی یانەی ئەكاد: پێویستە هۆڵی زیاتر بۆ ئافرەتان بكرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانن توانای خۆیان دەربخەن

ڤیولیت یوخەننا  یاریزانی تۆپی بالەی یانەی ئەكاد: پێویستە هۆڵی زیاتر بۆ ئافرەتان بكرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانن توانای خۆیان دەربخەن
لە ئێستادا یاریزانان لە ئاستی تەمەنە جیاوازەكان بە شێوەیەكی بەرچاو روو لە وەرزشە جۆراوجۆرەكان دەكەن بۆ زیاتر خزمەتكردن بە وەرزش لە كوردستان، یانەی ئەكادی شارۆچكەی عەنكاوەش یەكێكە لەم یانانەی كە هەموو ساڵێك كۆمەڵێك یاریزانی بەتوانا پێدەگەیەنێت بۆ ریزی تیپەكانی، لە ئاستە جیاوازەكانی یانەكەدا، وەكو بەرنامەی یانەكەش لە هەموو یارییەكان یانەی ئەكاد ساڵانە چەندین قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان دەكاتەوە، بۆ ئەوەی لە پاڵەوانێتییەكان باشترین ئەنجام بەدەست بهێنن. ڤیولیت یوخەننا لە دایكبووی ساڵی 1999ی شارۆچكەی عەنكاوەیە و یەكێك لە یاریزانە بەتواناكانی تۆپی بالەیە، لەم دیمانەیەدا سەبارەت بە خۆی و رەوشی وەرزشی یانەكەی وەڵامی پرسیارەكانی گوڵان دەداتەوە.

* چۆن بوو ئاشنایەتت لەگەڵ وەرزش پەیدا كرد؟
-من لە تەمەنی منداڵییەوە لەگەڵ دنیای وەرزش ئاشنا بووم و خۆشم خولیای ئەوەم تێدا بوو كە دەتوانم لە داواڕۆژدا یاریزانێكی باشم لێ دروست بێت.
*بۆچی یانەی ئەكادت هەڵبژارد؟
- یانەی ئەكاد هەمیشە قوتابخانەیەك بووە بۆ پێگەیاندنی چەندین یاریزانی بەتوانا كە دواڕۆژێكی باش لە چاوەڕوانی ئەواندایە بە حوكمی ئەوەش من خەڵكی عەنكاوەم، بۆیە ئەكاد باشترین یانە بووە كە بتوانم لەگەڵی ئاستی خۆم پێش بخەم.
*بە شێوەیەكی گشتی ئاستی یاری بالەی لە كوردستان چۆن دەبینی ؟
- لە كوردستان گرنگییەكی باش بەم یارییە دەدرێت، یانەی ئەكادیش زۆر گرنگی بە یارییەكان دەدات لە ئاستی كچان بۆ ئەوەی لە یارییە جۆراوجۆرەكان پێشەنگ بن، بەڵام لە ئێستادا پێویستە زیاتر گرنگی بە كردنەوەی خول بدرێت بۆ یاریزانانی ئاستە بچووكەكانی، بەتایبەتی لاوان وتازەپێگەیشتووان بۆ ئەوەی زیاتر پێش بكەون.
* پێتوایە چی بكرێت باشە بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە لە كوردستان زیاتر پێشبكەوێت؟
- دەبێت زیاتر گرنگی بدرێت بە ئاستەكانی تەمەن و قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان و پێویستە هۆڵی زیاتر بۆ ئافرەتان بكرێتەوە بۆ ئەوەی توانای خۆیان لە وەرزش دەربخەن، چونكە ئێستا زۆربەی یانەكان لە زۆربەی شارەكانی كوردستان هۆڵی تایبەتیان نییە.
*كێشە و گرفتەكانی یانەی ئەكاد زیاتر لە چیدا رەنگ دەداتەوە؟
- سوپاس بۆ دەستەی راهێنەران و دەستەی كارگێڕی یانەكەمان كە ئەوان هیچ كات رێگەیان نەداوە كێشەمان بۆ دروست بێت.
*بۆچی ئافرەتان لە كوردستان كەمتر روو لە وەرزش دەكەن؟
- زۆر جار خانەوادەكان بەهۆكاری جیاواز رێگری لە منداڵەكانیان دەكەن بۆ وەرزشكردن، هەروەها زۆر جار كۆمەڵگەش ئافرەتی وەرزشكار بە چاوێكی كەم سەیر دەكات، ئەوەش ناوشیارییە. بەڵام من لێرەوە سوپاسی خانەوادەكەم دەكەم كە بەردەوام هاوكاری منیان كردووە و پشتیوانم بوون بۆ ئەوەی پەرە بە تواناكانی خۆم بدەم و بتوانم ئاستم بەرزبێتەوە و لەگەڵ یانەكان یاری بكەم.
*پەیامت چییە بۆ ئەو ئافرەتانەی كە وەرزش ناكەن؟
_ بە هیوای ئەوەم ئەوانیش بە زووترین كات پەیوەندی بە ناوەندەكانی وەرزشی بكەن، بۆ ئەوەی لانیكەم تەندروستییەكی باشیان هەبێت.
*هیواو ئاواتت وەكو كچە یاریزانێك چییە؟
_هیوام ئەوەیە لەگەڵ یانەی ئەكاد بتوانم گرنگی زیاتر بە تواناكانی خۆم بدەم وەكو یاریزانێك و لە پاڵەوانێتییەكانی دەرەوە بەشداربم و ئەنجامی شایستە بەدەست بهێنین.
* وەكو قوتابییەك خوێندن تا چەند هۆكاری رێگەگرتن لە وەرزشكردنت بووە؟
- وەرزش رێگر نەبووە، چونكە من بەرنامەی تایبەتم داناوە بۆ وەرزش و خوێندنەكەم، بەهیوای ئەوەشم بتوانم لە هەردووكیاندا سەركەوتووبم.
*لە كۆتاییدا ئەگەر شتێكت ماوە بە گۆڤاری گوڵانی بڵێیت؟
_ سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەكەم كە ئەوان هۆكارن بۆ ناساندنی یاریزانە تەمەن بچووكەكان.
Top