هەر چەندە یانەی دهۆك لە خولی نایابی كوردستان و عێراق ئەنجامەكانی وەكو پێوست بووە لە یارییەكانی رابردووی خولەكە، لە ئێستاشدا یاریزانانی یانەكە داوای پارەی خۆیان دەكەن بۆ ئەوەی بتوانن درێژە بەو ئەنجامە باشانە بدەن كە لە یارییەكانی ڕابردوودا بەدەستیان هێناوە، بۆیە یاریزانانی تیپەكە ئەوەیان بەدەستەی كارگێڕیی یانەكە راگەیاندووە كە بڕێك لە پارەی گرێبەستەكانیان بدەن، چونكە لەگەڵ دەستپێكردنی ئەم وەرزەی خولەكانی كوردستان و عێراق یاریزانان هیچ بڕە پارەیەكیان وەكو گرێبەست وەرنەگرتووە، جگە لەوەش مووچەی زیاتر لە حەفت مانگیان پێنەدراوە و یانەكەش لە هەوڵی چارەسەركردنیەتی بۆ ئەوەی یاریزانان سارد نەبنەوە، لەم بارودۆخە لەم بارەشەوە محەمەد عەلی لە راگەیاندنی یانەی وەرزشی دهۆك بە گۆڤاری گوڵانی راگەیاند گوتی» لە ئێستادا لە هەموو روویەكەوە ئاستمان بەرەوپێشچووە چونكە یاریزانانی ئێمە خەڵكی یەك ناوچەن و زیاتر خۆیان ماندوو دەكەن لە یارییەكان هەرچەندە بێ پارەشن، بەڵام ئومێدیان هەیە بەم تیپەی شارەكەیان بۆیە رۆژ بەڕۆژ ئاستمان باشتر دەبێت ئەگەر پارە هەبێت زیاتریش لەوە ئاستیان بەرەوپێش دەچێت، بەڵام یاریزانانی ئێمە پێویستیان بە پارەی خۆیان هەیە و داوایان هەیە ئەگەر لەم دوو هەفتەیە كێشەی دارایی یانەكەمان چارەسەر نەكرێت لەلایەن بەرپرسان، ئەوە بێگومان ئاستی تیپەكەمان خراپ دەبێت و ناتوانین ئەو ئاستەی خۆمان پێشكەش بكەین و بەردەوام بین لە ئەنجامی گەورە، بەڵام لەم بارودۆخە ناتوانین بەم شێوەیە بەردەوام بین، ئیدارەش لە رێگەی پارێزگاری دهۆكەوە داوای دابینكردنی بڕی گرێبەستەكان دەكات.